نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد
- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەندرۆ پیک و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، دۆگلاس سیلیمان و شاندێکی یاوەریان کرد.
Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەندرۆ پیک و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، دۆگلاس سیلیمان و شاندێکی یاوەریان کرد.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ھەریمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارێکدا ئەندرۆ پیک خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ھەنگاوەکانی دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا کە بەھۆیەوە پێشڤەچوونێکی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولادا دروست بووە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا چەند بابەتێکی وەک ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەمبارەیەوە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پاڵپشتی و ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھاوکارییەکانی ئەمریکای بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بە ڕێزەوە ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانی بەڕێز سیلیمان کرد کە دوا سەردانی بوو بۆ ھەرێمی کوردستان بەھۆی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی لە عێراق و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.
تاوتوێکردنی بارودۆخ و دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە و چەند بابەتێکی پەیوەست بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە کۆنسولی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو.