Azat Muhammet
11 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2017
دهۆک - AA
ئەمڕۆ یەک شەممە یەکەم رۆژى ناونووسکردنى هاووڵاتییانى پێکهاتەى شەبەک، ئێزدى، عەرەب و کریستیانەکان بە کوردانى موسولمانى دەشتى نەینەواشەوە لە سەربازگەى دووبەردان لە دەشتى نەینەوا دەستپێکرد.
نوێنەرى پێکهاتەى کوردانى شەبەک لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، سالم جومعە شەبەک لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو راگەیاند: "دواى ئەوەى هەموو پێکهاتەکانى دەشتى نەینەوا داوایان لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى کرد هێزێکى تایبەتیان لە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان بۆ پێکبهێندرێت، داواکارییەکە پەسەند کرا و بە بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ یەکەم رۆژى ناونووسکردن لە پێکهاتەکانى دەشتى نەینەوا دەستى پێکرد".
شەبەک ئاشکراشى کرد کە ناونووسکردن بەردەوام دەبێت ژمارەکە دەگاتە پێنج هەزار پێشمەرگە و ئەرکى ئەو پێشمەرگانەیش پاراستنى دەشتى نەینەوا دەبێت لە گرووپ و هێزە نادەستوورییەکانى ناوچەکە وەک میلیشیاکانى حەشدى شەعبى، چونکە ئێمە ئاگادارین حەشدى شەعبى دابەشى چەند گرووپێک بوونە لە دەشتى نەینەوا و پێشێلکارى بەرامبەر بە مافەکانى مرۆڤ و کەمینەکانى ناوچەکە دەکەن.
ئەو نوێنەرەى پێکهاتەى کوردانى شەبەک لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت "ئەو پێنج هەزار پێشمەرگەیە لە پێنج ناوچەى جیاوازى دەشتى نەینەوا مەشق و راهێنانیان پێ دەکرێت، تەواوى مەشق و راهێنانە سەربازییەکان لەژێر چاودێرى وەزارەتى پێشمەرگە دەبێت و هەر لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگە چەک و تەقەمەنى و پێداویستی لۆجستیان بۆ دابین دەکرێت، دواى کۆتایی هاتنى حوڵى سەربازى لە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان ئەرکى پێشمەرگایەتى خۆیان دەبینن لە دەشتى نەینەوا".
سالم شەبەک کە دانیشتووى دەشتى نەینەوایە گوتى: " لە ئێستادا میلیشیاکانى حەشدى شەعبى زیاتر لە ٣٥ گوندى ناوچەکەیان داگیر کردووە و بەهۆیەوە ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، بەڵام دواى دەست بەکاربوونى ئەو هێزەى پێشمەرگە نەمانى حەشدى شەعبى لە ناوچەکە بێگومانین لەوەى خەڵکى ئاوارە دەگەڕێتەوە ناوچەکە و ژیانێکى ئاسایی دەستپێدەکاتەوە".
فەرماندەى پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا بەهجەت تەیمەس رایگەیاند کە بە بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى ناونووسین بۆ ئەو پێشمەرگانە دەستى پێکردووە، بەڵام لە ئێستادا ئەوە نازانرێت کە چەند کەس ناوى خۆیان تۆمار دەکەن، ئەمڕۆ یەکەم رۆژ بوو دەبێت چاوەڕێ بکەین کە ئاخۆ دەگاتە پێنج هەزار یان زیاتر دەبێت.