Hemin Hüseyin
24 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
لە پەیامێکدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان جەژنی رەمەزان پیرۆز دەکات، ئەمە دەقەکەیەتی:
"جەژنی رەمەزان سەرەتا لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدانی نەمری کوردستان و پێشمەرگە قارەمان و گیانفیداکانی، ئینجا لە ھەموو خوشک و برایانی موسڵمانی کوردستان و تەواوی جیھان پیرۆز دەکەم، ھیوای جەژنێکی شاد و پشوویەکی ئارامیان بۆ دەخوازم".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: " لەم جەژنەدا بەوپەڕی شکۆداری و پێزانینەوە یادی ئازیزان، ئەو شەھیدە نەمرانە دەکەینەوە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنوێنین کە مەردانە گیان و خوێنی خۆیان بە کوردستان و پاراستنی گەلەکەمان بەخشی تاکو رۆڵەکانی کوردستان لە ئارامیدا بژین و لە سایەی قارەمانیەتی و قوربانیدانی ئەوانەوە بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەنگاو بنێن".
لە کۆتایی پەیامەکەشدا هاتووە: "ھیوادارم ئەم جەژنە وەک چۆن لە ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتیدا جەژنی ئاشتەوایی و پێکھاتنەوەیە، لە ھەموو روویەکانی دیکەشەوە ببێتە ھاندەر و ھەڵگری ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی و کاری پێکەوەیی لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەکان و چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان و ھەموومان جەژن و یاد و بۆنەکانی داھاتوو لە دۆخێکی باشتر و لە کوردستانێکدا بکەینەوە کە تەواوی مافە رەواکانی گەلی کوردستانی تیادا بەدی ھاتبێت".