Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
20 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2016
ئیستانبوڵ
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا رایگەیاند کە رژێمی ئەسەد لەماوەی سێ ساڵی رابڕدوو ١٣٦ جار بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی پێشێلکردووە.
بە بۆنەی ٣یەمین ساڵیادی ھێرشی رژێمی ئەسەد بۆ سەر "غوتەی رۆژھەڵات"ی سەر بە شاری دیمەشق بە گازی ژەھراوی، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ھاتووە: "لەوەتەی قبوڵکردنی بڕیاری ژمارە ٢١١٨ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی قەدەغەکردنی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دەرچووە، ئەم بڕیارە ١٣٩ جار پێشێلکراوە و لەوانەش ١٣٦ جار لە لایەن رژێمی سووریا و سێ جاریش لە لایەن داعشەوە".
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە بەشار ئەسەد کراوە بەوەی کە تا ئێستا "تۆمەتبار"ـە و بە سزای خۆی نەگەیشتووە. ھاوکات راشگەیەندرا "ئەسەد پێش بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٣٣ جار گازی ژەھراوی بەکارھێناوە و لە دوای بڕیارەکەش، بە چەکی کیمیایی ١٣٦ جار ھێرشی ئەنجامداوە".
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە رژێمی سووریا لەو ناوچانەی کە چەکی کیمیایی بەکارھێناوە، سەدا ٩٧ی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و تەنھا سەدا ٣ی لە ژێر کۆنترۆڵی داعش دا دابووە. راشگەیەندرا کە ناوچەکانی ئیدلب، حەما، چۆلاییەکانی دیمەشق زۆررترین ھێرشی چەکی کیمیایی تێدا ئەنجامدراوە.
"٨٨ کەس کوژراون کە ٣٠ کەسیان سڤیل بوون"
لە درێژەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەوەتەی دەرچوونی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٣، لەم ھێرشەدا ٤٥ چەکداری ئۆپۆزسیۆن، حەوت کەس لەو دیلانەی کە لە ژێر دەستی حکوومەتن و ٣٠ کەسی سڤیلیش کوژراون. ھاوکات لەو سڤیلانەی کە کوژراون، ٢٠یان منداڵ و ھەشتیان ئافرەت بوون.
لە راپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا جەخت لەوە کرایەوە کە بەکارھێنانی گازی کلۆر سەرەڕای پێشێلکردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مانای پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنامەیە دێت کە لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٣ رژێمی سووریا بە مەبەستی بەکارنەھێنانی گازی ژەھراوی واژوی کردبوو.
رژێمی سووریا لە رێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠١٣، بە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی ھێرشێکی بۆ سەر ناوچەی "غوتەی رۆژھەڵات" ی سەربە دیمەشق ئەنجامدا و بەم پێیەش زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسیش بریندار بوون.