Sangar Hamad Azeez
20 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2016
سبەی سێ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی ناوچەی غۆتا لە رۆژهەڵاتی سووریا دا تێدەپەڕێت.
لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ دا رژێمەکەی ئەسەد بە چەکی کیمیایی پەلاماری ناوچەی غۆتای رۆژهەڵاتی شاری دیمەشقی دا و بەهۆیەوە بە سەدان هاووڵاتیان گیانیان لەدەست دا کە لە نێوانیان بە دەیان منداڵ و پیر و ئافرەت بەدیدەکران.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئاشکرای دەکات کەوا سەرەڕای ئەوەی بە پێی ماددەی ٢١١٨ لە دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جەنگدا قەدەغەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا رژێمەکەی ئەسەد ١٣٦ جار و رێکخراوی تیرۆرستی داعش ١٣٩ جار بە چەکی کیمیایی پەلاماریان ئەنجام داوە.
لەلایەکی دیکەش هەر بە پێی راپۆرتێک کە لەلایەن رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئامادە کراوە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە ١٠ مانگی رابردوودا ٢ هەزار و ٧٠٤ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەست داوە.
هەر لە راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرترین قوربانی بۆردومانی فڕۆکەکانی رووسیا لە شاری حەلەبە کە بەهۆیەوە تەنیا لەو شارە یەک هەزار و ١٧٨ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.