Muhammet Ali Kemal
20 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2016
سەرۆکی وەقفی هاوکارییە مرۆییەکان (İHH) کە ناوەندەکەی لە ئیستانبوڵە، بولەنت یڵدرم وێڕای ئاماژەدان بەوەی حەلەب بۆ داهاتووی تورکیا زۆر گرنگە، رایگەیاند: ''پێویستە رۆژانە 100 تاوەکو 150هەزار نان بگەینینە حەلەب. هەڵمەتێکمان لەوبارەیەوە دەستپێکردووە. لە قۆناغی یەکەمدا 300 بارهەڵگر ئارد دەبەینە ئەوێ. لەهەوڵی ئەوەداین خواردەمەنی بگەینینە هەر 400 هەزار دانیشتووەکەی حەلەب''.
بولەنت یڵدرم لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد ماوەیەکە بە فڕۆکە و چەکە قەدەغەکان هێرشدەکرێتە سەر حەلەب.
یڵدرم باسی لەوەکرد بەشێکی زۆر بیناکانی شارەکە رووخاون و بەهۆی ئەوەی کە ئامێری پێویستە لەبەردەستدا نییە، دەرهێنانی مرۆڤەکان لەژێر داروپەردووی خانووە داڕووخاوەکاندا بووەتە کارێکی قورس.
سەرۆکی وەقفی هاوکارییە مرۆییەکان ئاشکرایکرد کێشەی نەبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلی پێویستی فریاکەوتن لە شارەکە هەیە و رایگەیاند: ''لەئێستادا لە چەند نەخۆشخانەیەک ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی کەمی فریاکەوتن ماون. نایانەوێت تەنانەت بریندارەکانیش ژیانیان رزگاربکرێت. مرۆڤەکان بە برسێتی مەحکوم دەکەن و لەرێگەی ئەو هێرشانەوە ورەیان دەڕووخێنن. لە حەلەب نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسی سڤیل هەبوون. سەرەڕای ئەم هێرشانە هێزەکانی بەرگری خەبات و بەرەنگاربوونەوەیان کرد. هەموو گرووپە جیاوازەکان دەستیان لەناو دەستی یەک نا. گەمارۆکەیان تێکشکاند. ئەم سەرکەوتنە یەکێکە لە گرنترین سەرکەوتنەکان تا ئەمڕۆ لە سووریا''.
- ''لەحەلەب پێویستیی بە هەموو شتێکە''
بولەنت یڵدرم باسی لەوەکرد ئەوان وەک وەقفی هاوکارییە مرۆییەکان بەردەوامن لەسەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و رایگەیاند: ''لە قۆناغی یەکەمدا ئارد، سەوزە، میوە و پاکەتی ئامادەکراوی خواردمان بردە شارەکە. لە حەلەب ژمارەیەک نانەواخانە و فڕن هەبوون کە ئاردمان دەدانێ. ئاردەکانیان تەواو ببوو. لە حەلەب نەک تەنها بە خواردەمەنی بەڵکو شارەکە پێویستی بە هەموو شتێک هەیە. پێویستە پێداویستیی پزیشکیی و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بنێردرێت بۆ ئەوێ و نەخۆشخانەکان نۆژەن بکرێنەوە. مرۆڤەکان لەبرسێتییەکی زۆردا ژیان بەسەر دەبەن. دەوروبەر هەمووی داروپەردووی بینا و خانووە داڕووخاوەکانە. بۆ پاککردنەوەیان ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی ئینشائی وەک شۆفڵ و ئەوانە دەبێت هەبێت. بەڵام تەنانەت ئۆتۆمبێلە ئینشائییەکان و ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوەش دەکرێنە ئامانج. فڕۆکەکان بەشێوەیەکی دڵڕەقانە بۆردومانی شارەکە دەکەن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، تیمەکانی ئێمە لەناو حەلەبدان. تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتنی سەر بە وەقفەکەمان لەوێن. هەرکاتێک ئاگرێک دەکەوێتەوە دەگەنە شوێنەکە بەڵام توانا و ئامێری پێویستیان لەبەردەستدا نییە. بەراستی حەلەب پێویستی بە هاوکارییە''.
یڵدرم ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە پێداویستیی رۆژانەی 400 هەزار کەس کە لە حەلەب دەژین دابینبکرێت و گوتی: ''پێویستە رۆژانە 100 تاوەکو 150هەزار نان بگەینینە حەلەب. هەڵمەتێکمان لەوبارەیەوە دەستپێکردووە. لە قۆناغی یەکەمدا 300 بارهەڵگر ئارد دەبەینە ئەوێ. لەهەوڵی ئەوەداین خواردەمەنی بگەینینە هەر 400 هەزار دانیشتووەکەی حەلەب. ئەمەش بەمانای 100 هەزار خیزان دێت ئەگەر بە تێکڕا وەریگرین. لەبەر ئەوە پێویستە 100 هەزار پاکەت خواردن ئامادە بکەین. لەئێستادا بەشێکیمان تەواوکردووە بەڵام زۆرینەی ماوە. پێویستیمان بە دایبی مناڵ و کەلوپەلی پاککردنەوەیە. نەخۆشییەکانیش زیادیان کردووە. 100 هەزار خێزان هەریەکەیان سێ بۆ چوار مناڵیان هەیە. پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ژمارانە هاوکارییەکانمان ئەنجام بدەین''.