Muhammet Ali Kemal
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2016
ئەوە راگەیەنرا کە لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەکانی رووسیا بۆ سەر ناوچەیەکی شاری حەلەب باکووری سووریا کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە، ١٢ هاووڵاتی سڤیل کوژران و ٢٢ی دیکەش بریندار بوون.
یەکێک لە بەرپرسانی بەرگری شارستانی لە حەلەب بەناوی ئیبراهیم ئەبو لەیس، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکرد فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆردومانی ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان لە گەڕەکی تارق ئەلبابیان لە ناوەندی شاری حەلەب کردووە کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە.
ئەبو لەیس راشیگەیاندووە لەئەنجامی بۆردومانەکەدا ١٢ هاووڵاتی کوژراون کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن و ٢٢ کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات لەو ناوچەیەی هێرشەکەی کراوەتە سەر ژمارەیەکی زۆر بینا رووخاون و زیانیان پێگەیشتووە، ژمارەیەکی دیکەشیان ئاگریان گرتووە.
ئیبراهیم ئەبو لەیس باسی لەوەشكردووە کە بریندارەکان بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەکانی مەیدانی گوازراونەتەوە وهەریەک لە گەڕەکەکانی مەشهەد، سەڵاحەدین، بوستان قەسڕ و ئەنساڕیش لەلایەن فڕۆکەکانی رووسیاوە بۆردومان کراون.
لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە چالاکەوانەکانی حەلەب بەناوی بەها حەلەبی، ئاماژەی بەوەکرد کە فڕۆکەکانی رووسیا بەچڕی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیان بۆردومان کردووە.