Rewa Mahmut Hasan
09 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
حەڵەب - AA
سەرەڕای بانگەوازەکانی رووسیا بۆ وەستاندنی شەر لەلایەن خۆیەوە لە حەلەب بەئامانجی گواستنەوەی کەسانی مەدەنی بۆ دەرەوەی شارەکە، هێزەکانی رژێمی ئەسەد و پشتوانانی بەردەوامن لە بۆردومانەکانیان بۆسەر ناوچەکە.
دوای ئەوەی رۆژی رابردوو وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لە هامبۆرگ، ئاشکرای کرد کە لە کاتژمێر٢٠:٣٠ ی شەوەوە هێرشەکانی وڵاتەکەی لە حەلەب رادەگرێت بە ئامانجی گواستنەوەی کەسانی مەدەنی بۆ دەرەوەی شارکە.
وەزارەتی بەرگری رووسیا دواتر راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوەو ئاماژەی بەوەدا کە ٨ هەزار و ٥٠٠ کەس کە ٢ هەزار و ٩٠٠ منداڵیان لەناودایە لە حەلەب براونەتە دەرەوە و ژمارەیەکی زۆر میلیشیاش چەکیان فرێداوە و لەلایەن ئەسەدەوە لێبووردنیان بۆ دەرکراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە لە دوای لێدوانەکانی لاڤرۆڤەوە بۆ ماوەیەکی کەم تۆپبارانەکانی ناوچەکە وەستاون و دواتر کاتژمێر ٢٣:٠٠ سەرلەنوێ تۆپخانەکان دەستیان کردووەتەوە بە بۆردومان. هاوکات هەلیکۆپتەرەکان لە گەڕەکەکانی فیردەوس و شێخ سەعید لە شارەکە مینی دەریاییان هەڵداوەتە خوارەوە.
لە ئێستادا رژێمی ئەسەد و میلیشیا شیعەکان لە گەرەکەکانی زبدیە، شێخ سەعید، یوسف، سەیف دەولە، جب چەلەبی، فیردەوس، بوستان قەسر، سوککەری و مادی هێرشی ئاسمانی و شکانیان دەستپێکردووەتەوە و هیچ کەسێکی مەدەنی لە ناوچەکەدا نە چوونەتە دەرەوە.
محەمەد شێخ لە فەرماندەیی هێزەکانی سوپای سووریای ئازاد لە لێدوانێکیدا بائاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە تائێستا نە کەسانی مەدەنی نە جەنگاوەران لە شارەکە نەچوونەتە دەرەوە و هێرشەکانی رژێمی سووریاش بەردەوامیان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی تیمی بەرگری شآرستانی لە حەلب بەناوی مەحمود ناولۆ ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە کە باس لە فرێدانی چەک دەکەن لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە شارەکە.