Hemn Baban
04 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2016
هەولێر
دیمەنی منداڵانی ئاوارە و ئەوانەشی كە بەساڵاچوون و نەخۆشن دیارترینی ئەو وێنانەن كە لەو كەمپەدا هەستی مرۆڤ بوون كاڵ دەكاتەوە.
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەكان بۆسەر چەكدارانی داعش لە چوارچێوەی پلانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، هەڵاتنی گوندنشینان و ئەوانەی لەژێر دەستی داعشدان و پەنابردنییان بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكە ببێتە رۆژانە، ئێستا لە سنووری مەخموورەوە رۆژانە ئەو عەرەبانەی نزیك بە دوو ساڵ دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتەكەی ئەبو بەكر بەغدادیین لە ترسی هێرشی فڕۆكە ئاسمانییەكان و پەلامارەكانی سوپای عێراق بۆسەر چەكدارانی داعش بە ناچاری ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و دەیان كیلۆمەتر بۆ رزگاربوون لەوەی بە"دۆزەخی داعش"ی ناودەبەن دەبڕن و پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانیش بە پەناگە بۆ خۆیان دەزانن.
كەمپی دیبەگە كە یەكێكە لەو كەمپانەی لەدوای ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی گوندەكانی دەورووبەری قەزای مەخموور كە نزیكەی 60 كیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە دوورە دروستكراوە ئێستا سێ هێندە زیاتر ئاوارە لەخۆ دەگرێت، ئەگەرچی كەمپەكە بۆ نزیكەی پێنج هەزار كەس دروستكراوە بەو پێیەی یەك هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون لەخۆ دەگرێت، بەڵام ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 19 هەزار كەس دەبێت.
دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، سوپای عێراقی هێرشەكانی بۆسەر ناحیەی گەیارە كە 60 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە دەست پێكرد و پێشڕەویی پتری كرد، نزیك بە دوو هەزار كەس وەكو ئاوارەی نوێ لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە تۆماركراون تەنها لەماوەی 24 كاتژمێردا، ئەو ژمارەیەش بەلای بەرپرسانی هەرێم و رێكخراوی بارزانی نەمر كە رێكخراوێكی خێرخوازی چالاكە لەو دەڤەرە و رێكخراوە بیانییەكانی دیكە وەكو قەندیل لەئایندەدا زیاتر دەبێت.
لێرە لە كەمپی دیبەگە كە نزیكەی 20 كیلۆمەتر لە قەزای مەخمووری سەربە پارێزگای نەینەواوە دوور دەبێت پلەكانی گەرما چەند پلەیەكی كەمیان لەخوار 50 پلەوە تۆماركردووە، خێوەتە كۆنەكانیش و نەبوونی كارەبای پێویست و ئاو ئەو ئاوارانەی خستووەتە بارودۆخێكی قورسەوە، لەگەڵ ئەوەی چەندین شتیان بۆ دابینكراوە، بەڵام هێشتا داوای زیاتر دەكەن.
دیمەنی منداڵانی كەمپەكە دیارترین و سەرنجڕاكێشترین ئەو دیمەنانەن كە لەگەڵ پێ خستنە ناو كەمپەكە هەستی پێ دەكەیت، لەلایك گریانی منداڵان لە گەرما و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكان و سەرە گرتن بۆ ئاو و بۆ بەفر و بۆ هەموو شتێك ئەوانی لەگەڵ ناڕەحەتییەكان بێتاقەت كردووە، گەورەكانیش خەمی سەرەكییان ژیانە بۆ منداڵەكانییان بە پلەی یەكەم، لە پاڵ ئەوانەیشدا دیمەنی كەسە بەتەمەنەكان و ئەوانەشی نەخۆشن ئازاربەخشن.
لەناو یاریگای دیبەگەش سەدان خێزانی ئاوارەی گوندەكانی دەورووبەری ناحیەی گەیارە و مەخموور هەن كە بەشێكیان تازە هاتوون، پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو خۆی لە چەند منداڵێكی ئەو كەمپە نزیك كردەوە كە دوو هەرزەكاریشیان لەگەڵ بوون جگەرەكێش بوون، ئەو منداڵانە لەوپەڕی بەرائەتەوە باسییان لەو وێنانە دەكرد كە بەچاوەكانییان تۆماریان كرد بوو پڕ بوون لە ستەمكاریی چەكدارانی داعش كە رەحمی بە منداڵیی ئەوانیش نەكرد، ئەوان دەیانگوت چەكدارانی داعش چەندین كەسیان بە پێش چاوی ئەوانەوە دەكوشت، یەكێكیان گوتی: "من خەڵكی گوندی كەبەرۆكم، داعشم بینی پیاوێكیان بە عامودێكی كارەباوە هەڵواسی و دواتر فیشەكیان پێوەنا و كوشتییان، ئەو پیاوە دەیویست هەڵبێت بۆیە كوشتیان".
یەكێك لەو هەرزەكارانە عەرەبێكی ئەسمەر بوو، چاوەكانی مەیلەو قاوەیی بوون، كلاوێكی سەربازیی لەسەر بوو، كە لێمان پرسی لەكەیەوە جگەرە دەكێشیت لەوەڵامدا گوتی: "چەند ساڵێكە، لەكاتێكدا تەمەنی ئەو 16 ساڵی تێپەڕ نەدەكرد، ئەو گوتیشی: "من پاكەتێكم بە پێنج هەزار دەكڕی ئەویش بەدزییەوە، چونكە پاكەت فرۆشتن و جگەرە كێشان قەدەغەبوو، چەند دراوسێیەكمان بەدزییەوە پاكەتیان دەفرۆشت، بەڵام داعش یەكێكی لێ گرتن و پەنجا جەڵدەی بە كێبڵی كارەبا پێا كێشا و بە بڕە پارەیەكیش غەرامەی كرد، ئیتر ئەویش وازی هێنا".
بەرپرسی رێكخراوی بارزانی لە قەزای مەخموور، رزگار عوبێد لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێوارەی دوێنێ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ئاگاداركراینەوە كە خەڵكێكی زۆر روو لە مەخموور دەكەن لەوانەی لەدەستی داعش هەڵدێن، ئەوە بوو ئێمەش رێوشوێنمان گرتە بەر بۆ ئەو ئاوارانەی كە ژمارەیان دوو هەزار كەس دەبن، دەزگای خێرخوازی بارزانی هەستاین بە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان و شوێنی نووستن بەشێوەیەكی كاتیش بێت بۆیان لەگەڵ دابەشكردنی خواردنی گەرم بۆیان".
ناوبراو روونیشیكردەوە، كەمپی دیبەگە لە 19ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015 دروستكراوە، ئێستا ژمارەی ئەو ئاوارانەی لەم كەمپە دەژیین نزیكەی 19 هەزار كەس دەبن، كەمپەكە لە هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون پێكدێت كە بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت لە نێوان چوار هەزار و 500 تا پێنج هەزار كەس لەم كەمپە نیشتەجێ بكرێن، بەڵام نزیكەی 19 هەزار كەس لێرە دەژیین، لێرە كێشەی زۆرمان بەهۆی زۆریی ئاوارەكانەوە هەیە لەكەمی پێویستی لە كارەبا و ئاو و پێداویستی دیكەش".
هەرێمی كوردستان نزیكە لەوەی رۆژانە لە زۆرێك لەو ناوچانەی سنووری لەگەڵدا هەن لەناوچە عەرەبییەكانەوە ئاوارەی بۆ بێن و هاوشێوەی پەناگەیەكی بۆ ئاوارەكان لێ هاتووە، حكوومەتی عێراقیش كەمترین هاوكاریی بۆ ئەو ئاوارانەیە هەیە كە هەندێك جار لە سفر نزیك دەبێتەوە.
ئەو بەرپرسەی دەزگای خێرخوازی بارزانی كە بەهۆی هاتنی ئاوارەیەكی زۆر هێند سەرقاڵ دەرئەكەوت كەمجار وەڵامی پەیوەندییەكانیشی دەدایەوە و لە یەك خولەكدا پتر لە پێنج كەس بەرەو رووی دەچوون و داواكارییان لێ هەبوو، رزگار عوبێد ئەو قسانەشی رەتكردەوە كە گوایە بڕیارێك هەبێت بۆ وەرنەگرتنی ئاوارەی دیكە بەهۆی زۆریی ژمارەكەیانەوە و نەتوانینی هەرێمی كوردستان لەگرتنەخۆی ئەوان و بێدەنگبوونی عێراق لە خزمەتكردنییان، رزگار عوبێد لەوبارەیەوە گوتی: "نەبوونی شوێن كێشەی سەرەكیی ئەو ئاوارانەیە كە پەنا بۆ ئێمە دەبەن، حكوومەتی عێراقی بەهیچ شێوەیەك رۆڵی لە خزمەتكردنی ئەو خەڵكە نەبینیوە و هیچ هاوكارییەكی ئەم ئاوارانە و ئێمەش ناكات، ئێمە وەكو رێكخراوی بارزانی لە 24ی ئاداری 2016ەوە رۆژانە دوو ژەم خواردنییان پێ دەدەین، دابینكردنی پێویستییەكانی ژیان بۆ منداڵان و ژنان، هەروەها دابینكردنی شوێنی نووستن و پێویستییەكانی".
سەبارەت بە كردنەوەی كەمپی دیكەش ناوبراو گوتی: "بەردەوام لەسەر هێڵداین و مانگی سووری ئیماراتی بەنیازن كەمپێكی دیكە دروست بكەن، هەروەها لەگەڵ كۆمیسیۆنی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەنابەران لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی كەمپی خێرای دیكەش دروست بكەین بۆ ئاوارەكان تا لەداهاتوودا رووبەڕووی كێشەی گەورە نەبینیوە".
هەرچۆنێك بێت ئەوانەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو خەلافەتەی چەكدارانی داعش بە ئیسلامیی دەزانن بە زۆرینە ئیسلام و سوننە مەزهەبن، واتە لە هەمان ئایین و مەزهەبی رەسمیی دەوڵەتەكەی ئەبو بەكر بەغدادی، بەڵام ئەمان ئەو دەسەڵاتە بە ستەمكار و لادەر ناودەبەن، ئەوە قسەی یەكێكیش بوو لەو گەنجانەی لەپێش خێوەتەكەیدا لە كەمپەكەی نێو یاریگەكەی دیبەگە بەزمانی بەڕۆژووەوە سەرقاڵی دەستنوێژگرتن بوو.