Dildar Baykan Atalay
14 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن-AA
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی ئاشكرایكرد، بڕیاری گرووپی ئۆپیک پڵەس کە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و ژمارەیەک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەرەوەی ئۆپیک پێکهاتوون، سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمەوە بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل، هاوتایە لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتیی مەعنەویی و سەربازیی بۆ رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا.
جۆن کێربی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی کورتدا لە رێگەی زوومەوە زانیاریی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دا بە رۆژنامەوانان و وەڵامی پرسیارەکانی دانهوە.
کێربی باسی لە پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ سعوودیە لەدوای بڕیارەکەی گرووپی ئۆپیک پڵەس کرد و گوتی: "لە جەنگی ئۆکراینادا نامانەوێت هیچ وڵاتێک پاڵپشتیی مەعنەویی، سەربازیی یان ئابووریی رووسیا بکات. ئەو بڕیارەی ئۆپیک پڵەس دەریکردووە، بێگومان پاڵپشتییەکی ئابوورییە. جگە لەوە ئەم بڕیارە، ئاسوودەیی بە پوتین بەخشیوە و سوودی بۆ میکانیزمی جەنگی پوتین دابین کردووە و دەکەوێتە بڕگەی پاڵپشتیی سەربازیی و مەعنەویی".
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی راشیگەیاند، لێرە بەدواوە چاودێری دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە ئایا سعوودیە لەگەڵ رووسیایە یان نا، ههروهها ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیەدا.
- چی روویدابوو؟
وەزیرانی وزە و نەوتی گرووپی ئۆپیک پڵەس لەو کۆبوونەوەی کە ٥ی تشرینی یەکەم لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا ئەنجامیاندا، بڕیاریاندابوو لە مانگی تشرینی دووەمەوە بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە.
دوای ئەم بڕیارە، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی لە ١١ی تشرینی یەکەم ئەوەی راگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن چاو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعوودیەدا دەخشێنێتەوە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان لە لێدوانێکیدا بو کەناڵی ئەلعەرەبییەی سعوودی ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی خاوەنی پەیوەندیی ستراتیجییە لەگەڵ ئەمریکا و بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەبەر هۆکاری ئابووری دەرکراوە.