Hemin Hüseyin
23 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2018
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری چاودێری بارزگانی هەولێر رایدەگەیەنێت کە بۆیەکەمجارە ئەمساڵ لە مانگی رەمەزاندا نرخ جێگیرە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و هۆکارەکەیشی ئاشکرا دەکات.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا، نرخی کەلوپەل و بەرهەمە خۆراکییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و بەرزدەبنەوە، بەڵام ئەمساڵ نرخەکان جێگیرن و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێری، محەمەد عەباس گۆران ئاشکرای دەکات کە رۆژانە ١٠ تیم چاودێری بازاڕ دەکەن و تا ئێستاش چەند سەرپێچیکارێک سزادراون.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، محەمەد عەباس گۆران لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆشبەختانە ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە نرخی بەرهەم و خۆراکەکان لە مانگی رەمەزاندا بەرزنەبووەتەوە و ئەمەش دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان زۆری ژمارەی سوپەرمارکێت لە گەڕەکەکان کە بەشێکی زۆریان هەوڵی دابەزاندنی نرخ دەدەن بۆ ئەوەی بازاڕ بۆخۆیان خۆش بکەن، هۆکاری دووەمیش دابەزینی نرخی لیرەی تورکی و تومەنی ئێرانی بووەتە هۆی ئەوەی کە نرخەکان جێگیربن".
لەبارەی چۆنیەتی چاودێریکردنی بازاڕەکان لە هەولێر، محەمەد عەباس گوتی "تیمەکانمان رۆژانە و شەوانە سەردانی بازاڕ دەکەن، لە شەودا سەردانی ئاشەکان دەکەن چونکە ئێستا ئارد دابەش دەکرێت و هەفتەی داهاتووش برنج دابەش دەکرێت لە هەمانکاتدا رۆژانە ١٠ تیممان لە بازاڕ دەگەڕێن و چاودێری نرخ دەکەن".
لەبارەی دەستبەسەرداگرتن و لێپرسینەوە لە گران کردنی نرخ و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، محەمەد عەباس گۆران گوتی: "تا ئێستا بەهۆی فرۆشتنی سەوزە و میوە بە نرخێکی زیاتر لەوەی بۆیان دانراوە، ١٣ شوێن لە عەلوە سزادران، بەڵام جگە لەوەش لە هەفتەی رابردوودا کۆمپانیایەک بڕی ٢٥ تۆن کەلوپەلی رادەستی ئێمە کرد کە هێشتا ماوەشیان بەسەر نەچووبوو بەڵام کەلوپەلەکان تێکچووبوون".
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، محەمەد عەباس گۆران گوتیشی: "دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و تومەنی ئێرانی، کاریگەری لەسەر ئەوە هەبووە کە نرخەکان جێگیربن بەتایبەت ئەو بەرهەمە خۆراکییانەی وەک هێلکە و مریشک کە ئەمساڵ تەنیا بڕی ٢٥٠ دینار بۆ هەر کیلۆیەک وەکو گومرگ دانرا کە ئەویش هیچ کاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخەکان نەبوو".