Heman Hussein Yaseen
03 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2020
ههولێر - AA
لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا، لە پاڵ خورما و شیرنەمەنییەکانی دیکە، پاقلاوەش لەسەر سفرەی بەربانگ دەبینرێت.
لە شاری ھەولێر لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا، شوێنەکانی دورستکردن و فرۆشتنی پاقلاوە جمەیان دێت و ھاووڵاتییان چەندین جۆر پاقلاوە دەبەنەوە سەر سفرەی ماڵەکانیان.
وەستایەکی دروستکردنی پاقلاوە ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارە تەندروستییەکان و بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، خەڵک کەمتر توانیوویەتی لەماوەی دوو مانگی رابردوودا کار بکات کە ئەوەش کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان دروستکردووە.
وەستای دروستکردنی پاقلاوە، یونس سەباح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''رەمەزانی ئەمساڵ جیاوازە لەگەڵ رەمەزانی پارساڵ، چونکە رەمەزانی پارساڵ تا درەنگانی شەو دوکانەکانمان بەکراوەیی دەمانەوە و ئەمەش ببووە ھۆی ئەوەی زۆرترین کەس سەردانمان بکات، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی رێکارەکانی حکوومەتی ھەرێم سەبارەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەبێت کاتژمێر حەوتی ئێوارە دوکانەکانمان دابخەین''.

وەستا یونس دەشڵێت ''چونکە ئێستا کاتی کردنەوە و داخستنی شوێنەکەمان سنووردارە، بۆیە رەنگە کڕیارەکان نەتوانن وەک پێویست پێداویستەکانیان پڕبکەنەوە، پێشتر بەشەو خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکردین و ئێستاش، کاتی قەدەغەکردنی ھاتوچۆیە و ئێمەش دوکانەکانمان داخراوە''.
لەبارەی نرخەکانیش، وەستا یونس گوتی: ''ئێمە دەستکاری نرخەکانمان نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵک دوو مانگ دەبێت کاری نەکردووە کە ئەوەش کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دروستکردووە و وایکردووە خواست کەمتر بێت لەسەر خواردنی پاقلاوە''.
ئەو جەختیشی لەوەکردەوە کە سەدا سەد رێنماییە تەندروستییەکانیان جێبەجێکردووە بە بەکارھێنانی دەستکێش و ماسک و رەچاوکردنی پاکوخاوێنی شوێنەکە.
پاقلاوە چەند جۆری ھەیە کە بریتیین لە بامییه، برازق، قەتایف، فەیسەڵی، بلووری، بورمە، ھەریسە، سەلوا، عوسمانی، ھێلانەی بولبوول، نەموورە و چەند جۆرێکی دیکه، كه بهپێی جوگرافیای ناوچهكه گۆڕانكاریی له جۆر و پێكهاتهكهی دهكرێت.
پاقلاوە لە ھەولێر مێژوویەکی کۆنی ھەیە و سەرەتا لەسەر سنی و بە ناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا دەفرۆشرا کە یەک جۆر بوو، دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گۆڕانکاری بەسەر شێواز و جۆری پاقلاوەکەدا ھات و ئێستا چەندین جۆر پاقلاوە دورست دەکرێت.
