Rewa Mahmut Hasan
05 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا دوای واژوو کردنی رێککەوتنی رێکخراوی ئۆپێک لەسەر کەم کردنەوەی بەرهەمی نەوت، بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و تائێستا لە سەرو ٥٤ دۆلارە.
دوای ئەوەی هەفتەی پێشوو لە کۆبوونەوەی ئۆپێکدا بڕیار درا ئاستی بەرهەمی رۆژانەی نەوت بۆ یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل دابەزێنرێت، نرخی نەوتی برێنت بە خێرایی لە بازاڕەکانی جیهاندا روو لەبەرزبوونەوە دەکات و لەسەدا ١٥.٣ زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتۆتە ٥٤.٣٠ دۆلار ئەمەش بەرزترین نرخی یەک ساڵ و نیوی پێشووە.
سەرەتای هەفتە لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی نەوتی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک بە ٥٤.١٢ دۆلار دەستی پێکردو هەرچەندە دواتر بۆ ٥٣.٧٥ دۆلار دابەزی، دواتر لە سەعات ١٠:٤٠ بۆ سەرو ٥٤ دۆلار بەرزبوویەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساس لەسەدا ٠،٧٧ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو نرخەکەی بۆ ٥١.٢ دۆلار دابەزیوە.