Hemın Othman Mohammed
05 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2016
نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 37.27 دۆلار و نەوتی خاوی خۆرئاوای تەكساس (WTI) بە 35.30 دۆلار، نزمترین ئاستی لە یەك مانگدا تۆمار كرد.
دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند كەوا بڕی هەناردەی رۆژانەی نەوتی دوو ملیۆن بەرمیلی تیپەڕاندووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی سعوودیە مەرجی چوونە ناوەوەی ئێرانی داناوە بۆ رێككەوتنەكە تا نرخی نەوت رابگرێت، كێشەكانی بازاڕی نەوت زیادی كردووە.
لەكاتێكدا فشاری فرۆشی سەر نرخی نەوت زیادی كردووە، دوێنێ نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت %3 دابەزینی بەخۆوە بینی و بە 37،48 دۆلار مامەڵەی پێوە كرا.
ئەمڕۆ كە سێیەم رۆژی دابەزینی نرخی نەوتی برێنتە، یەك بەرمیلی بە 37.27 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت كە ئەمەش لە 4ی ئاداری رابردووەوە تا ئێستا نزمترین نرخی ئەو جۆرە نەوتەیە، لەم ساتانەشدا بە 37.33 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
شیكاران ئاماژە بەوە دەكەن كە پێش كۆبوونەوەكەی 17ی ئەم مانگە ئۆپیك، پێشهاتەكانی كێشەكە بەردەوام كاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەبێت.
هاوكات شیكاران پێیان وایە ئەگەر لەڕووی تەكنیكیەوە نرخی نەوتی برێنت بەردەوامبێت لە دابەزین، ئەوا نرخی یەك بەرمیلی لە 36.60 دۆلاردا رادەوەستێت و بەرەنگاری نیشان دەدات لە نێوان نرخەكانی 38 - 39.40 دۆلاردا.
لەكاتێكدا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی خۆرئاوای تەكساس (WTI) دوێنێ %3.2 دابەزینی بەخۆوە بینی، لە ماوەی ئەو رۆژەدا نزمرتین ئاستی نرخی تۆمار كرد و بە 35.46 دۆلار مامەڵەی پێوە كرا. ئەمڕۆش بە 35.25 دۆلار مامەڵەی پێوە كرا و نزمترین ئاستی یەك مانگی تۆمار كرد، لە ساتەكانی ئێستاشدا بە 35.30 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.