Cemal Sargati
04 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2016
سلێمانى - AA
سلێمانىلە ئێستا هەرێمى کوردستان رووبەڕووى چەندین قەیران بووەتەوە لەوانەش قەیرانى دارایى و قەیرانى کارەبا و قەیرانى سووتەمەنى و غازى ماڵان، ئەوەش کاریگەرى کردووەتە سەر هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان.
لەو بارەیەوە دووکاندارێک بەناوى قاسم حەمزە حەمەسەعید کە دووکانى جلوبەرگى گەنجانى هەیە لە بازاڕى رەشەمۆڵ لە شارى سلێمانى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "لەئێستادا بەهۆى ئەو قەیرانە داراییەى کە ماوەى چەند ساڵێکە بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتووە رەوشى بازاڕ لە شارى سلێمانى دارماوە هیچ جۆرە کارێکى تێدا نەماوە".
گوتیشى: "خەڵکى وەک ساڵانى رابردوو سەردانمان ناکەن بۆ کڕینى پێداویستیەکانیان، بەتایبەت خۆم وەک فرۆشیارێکى جلوبەرگى گەنجان وەک ساڵان گەنجان روو لە دووکانەکان ناکەن بۆ کڕینى جلوبەرگەکانیان. لەساڵانى رابردوو کەسى وا هەبوو لە ماوەى یەک مانگدا دوو دەستە جلى دەکڕى بەڵام لە ئێستادا هەر ئەو گەنجە بۆماوەى یەک ساڵیشە دەبێت دوو دەستە جلوبەرگی نەکڕیووە کە ئەوەش بەهۆى ئەو قەیرانە دارایەوەیە کە بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتووە".
ناوبراو گوتیشی: "ئەوە بۆماوەى سێ مانگ دەبێت چارەکێکى ساڵانى رابردوو جلوبەرگمان فرۆشتووە کە ئەوەش بەهۆى بێکارى ونەبوونى پارەوەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بە بەراوەرد بەساڵانى 2010 و 2011 ئەو کاتە هەلێکى باش بووە بۆ کڕینى پێدوایستیەکانیان بەڵام لە ئێستادا هاووڵاتێیان وەک پێویستیش ناتوانن پێدوایستیەکانیان پڕبکەنەوە".
ئەو دووکاندارە هەروەها گوتی: "لەگەڵ بوونى قەیرانى دارایى و قەیرانى کارەبا، قەیرانى تر سەرى هەڵداوە کە ئەوەش واى کردووە هاووڵاتییان زیاتر بێزارببن".
قاسم هیواى خواست بە زووترین کات ئەو باوردۆخە چارەسەربکرێت و سەرجەم قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکرێن بۆئەوەى چیتر هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بێزار نەبن و پەنا نەبەنە بەر رێکارى ترى کە خۆى لە خۆکوشتن و کۆجکردن دەبینێتەوە کە رۆژانە دەبیسترێت لەبەر نەبوونى فلان هاووڵاتی خۆى کوشت یان فیسان هاووڵاتی هەرێمى کوردستانى بەجێ هێشت".
هەروەها هاووڵاتییەکى دیکەی شارى سلێمانى بەناوى، شێروان سەعید محەمەد لەبارەى قەیرانى دارایى لە هەرێمى کوردستان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەوەى من دەیبینم لە بازاڕى شارى سلێمانى کڕین و فرۆشتن زۆر کەمە وەک پێویست هاووڵاتییان پێدوایستیەکانیان ناکڕن، ناتوانن پێداویستیەکانیان پڕبکەنەوە".
گوتیشى: "هەمووان دەزانین قەیرانى دارایى و قەیرانى تر رووى لە هەرێمى کوردستان کردووە بۆیە واى کردووە بازاڕ سست و لاواز بێت هیچ کەسێک نەتوانێت پێداویستیەکانى پڕبکاتەوە، لەچاوساڵانى رابردوو جیاوازیەکى زۆر دەبینرێت بەوەى ساڵانى رابردوو خەڵکى بە جۆش و خرۆشێکى زۆر گەرمەوە سەردانى بازاڕەکانیان دەکرد بەڵام ئەمساڵ خەڵکى ئەگەر چى هێتە بازاڕ بەڵام تەنها بۆ سەیرکردن دێن".
ئەو هاووڵاتییە ئەوەشى گوت "بەبۆچوونى من هۆکارى زۆربوونى قەیرانەکان بۆ کێشە و گیروگرفتى نێوان لایەنە سیاسیەکان دەگەڕێتەوە کەنەیانتوانیوە وەک پێویست کێشەکانیان وەلابنێن و کاربکەن بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکان و بەتایبەت قەیرانى دارایى".
هەروەها گوتی: "من خاوەنى یەک منداڵم لە ئێستادا تەنها پێداویستیەکانى ئەو دەکڕم بۆ خۆم و خێزانم بڕیارم داوە هیچ شتێک نەکڕین چونکە پارە نییە".
لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا بەهۆى قەیرانى دارییەوە بەهەزاران کەس بێکار بوون بەوەش رێژەى بێکارى لە هەرێمى کوردستان هەڵکشانێکى زۆرى بەخۆوە بینیوە.