Mohammed Baqi Hussein
01 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
دوای بڕیارەکەی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتووەتە ٥٢ دۆلار و ٧٠ سەنت.
دوای کۆبوونەوەی ئۆپێک کە دوێنێ لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو، نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی لە سەدا ٨.٨٥ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
وەزیری وزە و پیشەسازیی قەتەر، محەمەد بن ساڵح ئەلسەعدە دوای کۆبوونەوەکەی ئۆپێک رایگەیاند، بەمەبەستی ھاوسەنگی بەخشین بە بازاڕی نەوت بڕیارێکیان دەرکردووە و گوتی: "ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی گەورەمان تۆمارکرد. بە ھەماھەنگی و تێگەیشتنی ھەموو ئەندامان گەیشتینە رێککەوتن".
وەزیری وزەی رووسیا ئەلێکساندەر نۆڤاک لای خۆیەوە خۆشحاڵیی وڵاتەکەی بە بڕیارەکەی ئۆپێک دەربڕی.
نۆڤاک رایگەیاند:"ئەگەر ئەندامانی ئۆپێک پابەندبن بەم بڕیارەوە، رووسیاش دەتوانێت لە نیوەی یەکەمی ٢٠١٧دا بەرھەمی نەوت بەبڕی رۆژانە ٣٠٠ بەرمیل کەمبکاتەوە."
دوای بڕیارەکەی ئۆپێک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و ئەمڕۆ لە کاتژمێر ١٠:٣٠دا بە ٥٢ دۆلار و ٢٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش بۆ ٤٩ دۆلار و ٨٥ سەنت بەرزبووەوە. شارەزایان پێیان وایە ئەگەری ھەیە نرخی نەوتی خاو بگاتە ٦٠ دۆلار.