Firdevs Yüksel
27 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2022
ئیستانبوڵ - AA
لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ١١٣ دۆلار و ٩٠ سەنت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ١١٨ دۆلار بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ١١٤ دۆلار و ١٧ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:١٧ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،٢٤ دابەزینیان بەخۆوەبینی و نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ١١٣ دۆلار و ٩٠ سەنت.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە ١١٣ دۆلار و ٨٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خستنە بازاڕی نەوت و نزیکبوونەوەی وەرزی گەشتوگوزار لە ئەمریکا وای کردوە خواست لەسەر نەوت زیاد بکات و ئەمەش رێگرە لە دابەزینی نرخەکان.
هەروەها هەفتەی داهاتوو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، گفتوگۆ لەسەر سەپاندنی شەشەم پاکێجی سزا بەسەر رووسیادا دەکەن کە وەستاندی هاوردەکردنی نەوت یەکێکە لە بەندەکانی پاکێجەکە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی بە بەرزی مانەوەی نرخەکانە.
لە لایەکی دیکەشەوە بەردەوامی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین، کە دووەم گەورە بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا، رێگرە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا.