Rewa Mahmood Hasan
24 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2021
سلێمانی - AA
وەک ئالنگارییەک سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید بەنرخی ٥٠٠ دینار یەک لیتر بەنزین دەفرۆشێت.
دوای ئەوەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نرخی یەک لیتر بەنزین لە ٥٥٠ دینارەوە بۆ نزیکەی ٧٥٠ دینار بەرزبوویەوە و بۆ هەر لیترێک لە جۆرەکانی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ دینار نرخی بەرزکرایەوە، وەک کاردانەوە و وەڵامێک بۆ گوتەی بەرپرسانی فەرمی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین کە دەیگەڕێننەوە بۆ زیادبوونی نرخی نەوتی رەش و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لە شاری سلێمانی و لە نزیک چاڤی لاند، بەنزینخایەنەیەکی نافەرمی دادەنرێت و یەک لیتر بە ٥٠٠ دینار دەفرۆشێت.
لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل کە هەندێکیان ئۆتۆمبێلەکانی کرێن کە بژێوی ژیانیان رۆژانە بە هۆکاری گواستنەوە پەیدا دەکەن، لەڕیزدا وەستاون و چاوەڕێی وەرگرتنی بەنزینن.
لە بەردەم بەنزینخانە جێگیرکراوە نافەرمیەکەدا، نزیکەی یەک کیلۆمەتر ئۆتۆمبێل لەڕیزدا وەستاون و چاوەڕوانی وەرگرتنی بەنزینەکە دەکەن بە نرخی ٥٠٠ دینار.
سەبارەت بە پرۆەژەکە، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند کە ئەوان وەک ئالنگارییەک و بۆ تێگەیاندنی شەقامی گشتیی هەرێم کە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، تەنیا کۆمپانیاکانی سووتەمەنی و حکوومەتی هەرێمە بە هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە، بەنزینخانەیەکی جێگیریان داناوە و نرخی نەوت بە ٥٠٠ دینار دەدەن بە هاووڵاتییان.
شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پرۆژەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: ''ئێمە چارەسەری گرانبوونی نرخی بەنزینمان کردووە، چەند رۆژێکە دەمانەوێت لە سلێمانیدا یەک بەنزینخانە، وەک نموونە بیفرۆشین بیدەینە خەڵک بە ٥٠٠ دینار، کەسانی ئێمە لەگەڵ چەند بەنزینخانەیەکدا رێککەوتبوون، بەڵام پەشیمانیان کردوونەتەوە، بۆیە ئێستا بەناچاری چەند تەنکەرێکیان داناوە و لە نزیک چاڤی لاند لەوێ لەمڕۆوە، دوای دەرچوونی پشکنینەکان کە بۆ بەنزینەکە کراوە و لە رووی کوالیتیەوە هیچ کێشەیەکی نییە، دەیفرۆشن بە ٥٠٠ دینار لە سێ جۆر بەنزین پێکهاتووە، یەکێک لە تەنکەرەکان لە ئێرانەوە هاتووە، بۆ ئەوەی بزانین ئەوەی لە سنوورەوە دوای ئەوەی سەرانەی لێ دەسەنن چەند دەکەوێت کە بەنزینە گرانەکەیە، بەنزینی پاڵاوگەکانیشمان کڕیوە بۆ ئەوەی بزانین جیاوازیەکەی چییە کە وا تۆنی دەدەن بە ٦٤٠ دۆلار، ئەو بەنزینە هەرزانەشی کە ١٧٥ دۆلاری سەرانە و گومرکەکەی لەسەر دانەنراوە، چۆن ٥٠٠ بۆ ٥٥٠ دینار دەکەوێت بۆ هەر لیترەی".