Orhan Yoldaş
26 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2021
ماڵاتیا - AA
وەرزی لێکردنەوە و كۆكردنەوەى قەیسی لە شاری ماڵاتیا، کە بەرھەمی سەدا ٨٥ی قەیسی وشکیی جیھان دابیندەکات و بۆ زیاتر لە ١٠٠ وڵاتیش ھەناردە دەکات، دەستیپێکرد.
فرۆشتنی قەیسیی مەڵاتیا کە وەکو ھێمایەکی جيوگرافی لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە تۆمارکراوە، لەگەڵ وەرزی نوێی لێکردنەوە دەستیپێکرد.
قەیسییەکان، کە لەلایەن کرێکارە وەرزییەکانەوە یەک یەک لە چڵەکانیەوە لێدەکرێنەوە و دەنێردرێت بۆ کارگە پێشکەوتووەکانی ناوچەی پیشەسازی کە لەوێ جیاکردنەوە و ھەڵبژاردنی بۆ ئەنجامدەدرێت. پاش ھەڵبژاردنی قەیسییە باشەکان لە پاکەت دەپێچرێتەوە و لەناو ساردکەرەوە ھەڵدەگیرێت. دواجار بەرھەمەکان بە بارھەڵگری ساردکەرەوە ھەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.
سەرۆکی بۆرسەی بازرگانیی ماڵاتیا رەمەزان ئۆزجان، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە لە کارگەکان دەستیان بە پێچانەوە و پاکەتکردنی ئەو قەیسیە کردووە کە کۆکراوەتەوە و ئامادەیە بۆ ھەناردەکردن.
ئۆزجان، ئەوەشی راگەیاند کە کارێکی قورسیان کردووە بۆ گەیاندنی ئەو قەیسییانەی کە لێکراوەتەوە بۆ بەکارھێنەرانی لە دەرەوەی وڵات و گوتی:
"لە ئێستادا قەیسی نوێ بۆ ٥٠ وڵات ھەناردە دەکەین. ئەو سەرکەوتنەی کە لە ھەناردەکردنی قەیسیی وشک بەدەستمان ھێناوە لە قەیسی نوێشدا بەردەوامی پێدەدەین. ساڵی رابردوو یەک کیلۆ قەیسیمان بە ١،٥ یۆرۆ ھەناردەدەکرد و ئەمساڵ بۆ دوو یۆرۆ بەرزبووەتەوە. یەک تەن قەیسیی نوێ نزیکەی بە ھەزار و ٨٠٠ یۆرۆ بۆ دوو ھەزار یۆرۆ ھەناردە دەکەین. ھیچ کێشەیەکمان لەسەر خواستەکاندا نییە. لە ئەورووپا، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رۆژھەڵاتی دوورەوە خواستێکی زۆر لەسەر قەیسیی نوێ ماڵاتيا ھەیە".