
Beijing
پەکین - AA
چین ڕایگەیاند وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بەرزکردنەوەی سەدا ٣٤ی باج لەسەر هاوردەی چینی لەلایەن ئەمریکاوە، هەمان ڕێژەی باجی زیادە دەخاتە سەر بەرهەمە هاوردەکانی ئەمریکا.
ئەنجوومەنی دەوڵەت کە ئەرکی کابینەی حکوومەت لە چین ئەنجام دەدات، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد جگە لەو باجانەی هەن، باجی گومرگی زیاد بە ڕێژەی سەدا ٣٤ بەسەر هەموو ئەو بەرهەمانە دەسەپێندرێت کە لە ئەمریکاوە هاوردە دەکرێن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە لە ١٠ی نیسانەوە ئەو باجە زیادانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
حکوومەتی پەکین بەخێرایی وەڵامی بڕیارەکەی ئەمریکای دایەوە بۆ بەرزکردنەوەی باج و، پەیامی ئەوەی نارد کە پاشەکشە ناکات لە وەڵامدانەوەی هەنگاوە تاکلایەنەکانی واشنتۆن بۆ سەپاندنی باجی زیادە و ئامادەی وەڵامدانەوەیە.
هاوکات بەهۆی بەرزکردنەوەی باج، حکوومەتی پەکین لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیی سکاڵایەکی یاسایی دژی ئەمریکا تۆمار کرد.
هەروەها لەگەڵ زیادکردنی باجدا، چین ٢٧ کۆمپانیای ئەمریکی خستە ژێر کۆنترۆڵی هەناردەکردن یان قەدەغەکران.