Zana Natık Kerem
22 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاند کە ئێران ھەناردەکردنی غاز بە ئامانجی وەرگەرخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ عێراق زیادکردووە و گەیاندوویەتی بە ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد عەبادی لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی رۆژنامەی (ئەلسەباح)ی نیمچە فەرمی رایگەیاندووە کە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق بۆ ٣٠ ملیۆن مەتر پێی سێجا لە رۆژێکدا زیادکردووە، ئەوەیش دوای ئەوەی کە کەمی کردبوویەوە بۆ ١٧ ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا.
لەئێستادا عێراق، ١٩ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکانی هاووڵاتییان، دامەزراوە حکوومییەکان و کارگەکان پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.
ئەحمەد عەبادی باسی لەوەشکردووە کە زیادکردنی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق، بووەتە مایەی وەگەرخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای مەنسوریە، سەدر و بسمایە و گوتی:
"لە ئەنجامی ئەو ھەنگاوەی ئێران، بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ ٢٢ ھەزار و ١٠٠ میگاوات زیادی کردووە، ھەروەھا پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانیی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە زیادی کردووە".
ساڵانێکی زۆرە، ھاووڵاتییانی عێراق دژبە بەردەوامی بڕینی کارەبا ناڕەزایەتیی دەردەبڕن بە تایبەتیش لە وەرزی ھاویندا کە زۆرجار پلەکانی گەرما دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی.
لە ساڵی رابردوودا، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠٠٥وە، ٨١ ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بێ ئەوەی رەوشی کارەبا باش بکرێت.