عێراق, کۆڤید- ١٩

پێشبینی دەکرێت بڕیاری نوێ لەبارەی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆوە بدرێت

تەوەری کۆبوونەوەکەش بریتییە لە تاوتوێکردنی دۆخی تەندروستی و بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بەراگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لەهەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت بڕیاری دیکە لەمباریەوە بدرێت و، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییش ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە دەخرێتەڕوو.

Heman Hussein Yaseen  | 02.06.2020 - نوێکردنەوە : 02.06.2020
پێشبینی دەکرێت بڕیاری نوێ لەبارەی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆوە بدرێت

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ سێشەممە، بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەدەچێت.

تەوەری کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی دۆخی تەندروستیی و بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە راگەیاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان و پێشبینی دەکرێت بڕیاری دیکە لەمباریەوە بدرێت و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخرێتەڕوو.

دوێنێ دووشەممە، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش رۆژ کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و درەنگانی شەویش لە ژمارەیەک شار و شارۆچکە گردبوونەوە و ناڕەزاییەتی دروست بوو.

کاسبکاران بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییان داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەیان کرد و ئەمڕۆش سەرەڕای بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ، بەڵام لە ژمارەیەک ناوچە دوکان و بازاڕەکان کراونەتەوە و جموجۆڵی هاووڵاتییان دەبینرێت.

چەند کاتژمێرێک دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە هەریەک لە قەزای دەربەندیخان و ئیدارەی راپەڕین گردبوونەوە و خۆپێشاندانی کاسبکاران دژبە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دروست بوو، ئەمەش وایکرد کە ئەمڕۆ سێشەممە، رۆژێک دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە بەشداری لایەنی پەیوەندیدار بەڕێوەبچێت و بڕیاری نوێ لەبارەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بدرێت.

بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەو شەپۆلە زۆرەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هات کە هەرێمی کوردستانی گرتەوە و تا ئێستاش بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٧٤٥ کەس، لەو ژمارەیەش ٢٨٢ لە هەولێر، ٤٠٢ لە سلێمانی، ٣٩ لە دهۆک و ٢٢ کەس لە هەڵەبجە تۆمارکراون و شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان لە سلێمانی و دوو حاڵەتیش لە هەولێر تۆمارکراون.

هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو کەسانەیشی کە چارەسەری پێویستییان وەرگرتووە بریتییە لە ٤٢٢ کەس و لەو ژمارەیەش ٢٢٨ کەس لە هەولێر، ١٥١ لە سلێمانی، ٢١ لە دهۆک و ٢٢ کەسیش لە هەڵەبجە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانییان.

ژمارەی ئەو کەسانەیشی لە نەخۆشخانەکان لە چاودێری پزیشکیدان، بریتیین لە ٣١٥ کەس و لەو ژمارەیەش ٥٢ لە هەولێر، ٢٤٥ کەس لە سلێمانی و ١٨ کەسیش لە دهۆک لە ژێر چاودێری پزیشكییدا ماونەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın