پۆمپیۆ دیپلۆماتکارە ئێرانییەکان بە کوشتنی چالاکێکی ئێرانی تۆمەتبار کرد
- وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە روونکردنەوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دیپلۆماتکارە ئێرانییەکانی بە سیخوڕی تیرۆر وەسفکردووە و وەک بەرپرسیار لە ئەنجامدانی چەندین هەوڵی تیرۆرکردن و تەقاندنەوەی بۆمب وەسفی کردوون.
Washington DC
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر روونکردنەوەیەکی لەبارەی کوژرانی مەسعود مەولەویی-یەوە بڵاوکردەوە کە یەکێک بوو لە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و ساڵی رابردوو لە تورکیا کوژرا.
مایک پۆمپیۆ حکوومەتی تارانی وەک ئەنجامدەری ئەم کارە وەسفکردوە و نووسیویەتی: "بیستنی هەواڵی تیرۆرکردنی لایەنگرێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە تورکیا لەلایەن دیپلۆماتکارە ئێرانییەکانەوە شتێکی نیگەران بەخشە، بەڵام پڕ بە پێستی ئەرکەکەیانە چونکە دیپلۆماتکارە ئێرانییەکان سیخوڕی تیرۆرن و لە چەند ساڵی رابردوودا، چەند جارێک هەوڵی تیرۆرکردن و تەقاندنەوەی بۆمبیان ئەنجامداوە".
مەسعود مەولەویی یەکێک بوولە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا لە ناوچەی شیشلی شاری ئیستانبوڵ بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە گیانی لەدەستدا و دواتر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ و دەزگای هەواڵگری میتدا، ١١ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیداربوون بە رووداوەکەوە دەستبەسەرکران.
دوای رادەستکردنی تۆمەتبارەکان بە دادگا، بڕیاری بەندکردن بۆ حەوتیان دەرچوو و چوار تۆمەتبارەکەی دیکەش بە مەرجی چاودێریکردنیان لەلایەن دادگاوە ئازادکران.