دەسەڵاتی فەڵەستین رەخنە لە بێدەنگی ئەمریکا دەگرێت
دەسەڵاتی فەڵەستین، بێدەنگی ئەمریکا، وەک رێگاخۆشکەری کۆمەڵکوژییەکانی کەرتی غەززە، قودس و کەناری رۆژئاوا، ناودەبات.
Quds
قودس- AA
دەسەڵاتی فەڵەستین، بێدەنگی ئەمریکا، وەک رێگاخۆشکەری کۆمەڵکوژییەکانی کەرتی غەززە، قودس و کەناری رۆژئاوا، ناودەبات.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی "وەفا"ی فەڵەستینی، گوتەبێژی سەرۆکایەتی دەوڵەتی فەڵەستین، نەبیل ئەبو رودەینە، راگەیاندراوێکی دەربارەی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، قودس و کەناری رۆژئاوا بڵاوکردەوە.
ئەبو رودەینە، باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل، گەل، خاک و پیرۆزییەکانی فەڵەستین-ی کردوەتە ئامانج و بەمەش زیانی بە بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و جیهان گەیاندووە، جەختی لەوەش کردوەتەوە کە ئیسرائیل ناوچەکە بە ئاقارێکدا دەبات کە هیچ کەسێک نایەوێت.
ناوبراو، لە بارەی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل نوسیویەتی: "بێدەنگی ئەمریکا لە بەرامبەر کارەکانی ئیسرائیل، رێگای بۆ کۆمەڵکوژییەکانی کەرتی غەززە، قودس و کەناری رۆژئاوا، خۆشکردووە".
گوتەبێژەکەی حکوومەتی فەڵەستین، ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمریکا تاکە وڵاتی جیهانە بتوانێت پەلامارەکانی ئیسرائیل بوەستێنێت، نوسیویەتی: "ئەگەر ئەمریکا لایەنگری ئاسایشی جیهان و ناوچەکەیە، ئەوا داوای لێدەکەین هەنگاوی جددی بۆ وەستاندنی ئەم پەلامارانە بگرێتەبەر".
- رووداوەکانی قودس و کەرتی غەززە
گرژییەکان لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە و بەھۆی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر گەڕەکی شەیخ جەڕاح و مزگەوتی ئەقسا بەردەوامن و رۆژی حەوتی ئایار بەھۆی بەکارھێنانی گوللەی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، گرژییەکان ھەڵکشانیان بەخۆوەبینی.
گرووپە شۆڕشگێڕە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە، تا کاتژمیر شەشی ئێوارەی ١٠ی ئایار مۆڵەتیان دابووە ھێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە مزگەوتی ئەقسا و گەڕەکی شێخ جەڕاح بکشێنەوە کە دەکەونە رۆژھەڵاتی قودس.
بەھۆی نەکشانەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل، گروپە فەڵەستینییەکان ژمارەیەکی زۆر موشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد.
دواتر سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی چڕی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.