عێراق

ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سێ پارێزگای عێراق

ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە دژبە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستپێکرد.

Ozhin Jola  | 24.09.2020 - نوێکردنەوە : 27.09.2020
ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سێ پارێزگای عێراق

Arbil

کەرکووک - AA

هێزەکانی پۆلیسی فیدرال و سوپا، بە هاوکاری و پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری گوندەکانی زخەیتوون و شای سەربە ناحیەی رەشاد لە پارێزگای کەرکووک، هەروەها لە گوندەکانی رەمڵ و حمزیە لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستپێکرد.

ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی سەرجەم هێزەکان لە کاتژمێر شەشی بەیانی دەستیپێکرد و هێزەکان لە درێژەی کێوماڵکردنی ناوچەکە، چوونە ناو گوندی زخەیتوون و گوندی شای و بەقوڵایی ٢٥ کیلۆمەتر پێشڕەوی و گەڕان و پشکنینان ئەنجامدا.

لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە ھێزەکانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدرال رایانگەیاند کە لە ئەنجامی پشکنینی وردی ناوچەکە، دەستیانگرتووە بەسەر پێنج حەشارگەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هەروەها دەستبەرسەرداگرتنی تراکتۆرێک و سێ ماتوڕسکیلی چەکدارانی داعش و دۆزینەوەی ١٠ گاڵون ماددەی C4 و ١٠ بۆمبی چێندراویان راگەیاند.

فەرماندەی فیرقەی پێنجی ھێزەکانی پۆلیسی فیدرال، حەیدەر متەوری بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "ئامانجی ئێمە لەم ئۆپەراسیون و گەڕان و پشکنینانە، راونانی چەکدارانی داعشە لەو سنوورانە و گەڕاندنەوەی ئارامییە بۆ ئەو ناوچانەی جمۆجۆڵی چەکدرانی داعش تیادایە".

بەپێی قسەی ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی پۆلیسی فیدرال، مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی ناوچەکە و ئامادەکارییە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە کە ئاوارەبوون. لەم بارەیەوە حەیدەر متەوری گوتی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە ئاوارەکانە بۆ ناوچەکانی خۆیان و دوای پشکنینەکانی ھێزە ئەمنیەکان و پاککردنەوەی ئەو ناوچانە، کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچانە دەکەین".

بەشێکی گرنگی ئۆپەراسیۆنەکە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای کەرکووک دەگرێتەوە و بەوپێیەی کە بەشێک لە زنجیرە چیاکانی حەمرین چەکدارانی داعش هاتوچۆی تیادا دەکەن.

هاوکات فەرماندی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەددین، عەبدولمحسن حاتەم رایگەیاند "ئەم ئۆپەراسیۆنە بەھاوبەشی لەنێوان ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە دەستیپێکردووە و ئامانجمان پاککردنەوەی زنجیرە شاخەکانی حەمرینە و راونانی چەکدارانی داعشە لەو سنوورە".

عەبدولمحسن حاتەم راشیگەیاند "دوای ئەنجامدانی ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنی لەو ناوچانە، لەئێستادا دۆخی ئەمنی لەو سنوورە باشترە و جمۆحۆڵی چەکدارانی داعش لەو سنوورە لاواز بووە".

گوتیشی: "زانیاری وردمان لەسەر جموجۆڵی چەکدارانی داعش لەو سنوورەدا ھەیە و ھەوڵی بنبڕکردنی یەکجاریان دەدەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın