حکوومەتی عێراق: " ھێرشەکانی ئەمریکا، ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بەرەو تێکدان دەبات"
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە بە ھۆی ھێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکاوە بۆسەر ژمارەیەک بارەگای ھێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای ئەنبار، ١٦ کەس کوژراون و ٢٥ی دیکەش بریندار بوون.

Iraq
ھەولێر ــ AA
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەنجامدانی ھێرشەکانی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار نەبووە کە بەھۆیانەوە ١٦ کەس کوژراون و ٢٥ی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ھێرشەکانی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە: "شەوی ڕابردوو، حکوومەتی ئەمریکا دەستدرێژییەکی نوێی کردە سەر سەروەریی عێراق کە لە میانیدا، ژمارەیەک بارەگای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەکانی عەکاشات و قائیم، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە بۆردومان کران".
ڕاشیگەیاندووە کە بەھۆی ھێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکاوە بۆسەر ژمارەیەک بارەگای ھێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای ئەنبار، ١٦ کەس کوژراون و ٢٥ی دیکەش بریندار بوون، ھەروەھا زیانێکی زۆر بەر موڵک و ماڵی ھاووڵاتیان کەوتووە.
حکوومەتی عێراق: "بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەنجامدانی ھێرشەکانی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا نەبووین"
لە ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی عێراقدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە عێراق بەھیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەنجامدانی ھێرشەکانی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار نەبووە و ھاتووە: "ئەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە بانگەشەی بۆ دەکات، جگە لە چەواشکاری ڕای گشتی ھیچ شتێکی دیکە نییە".
جەختیشی لەوەش کردووەتەوە کە ھێرشەکانی ئەمریکا، ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بەرەو تێکدان دەبات، ھەروەھا دژی ئەو ھەوڵانەن کە بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە خراونەتەگەڕ.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەو خراوەتەڕوو کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان ئەوە بزانن، عێراق ڕەتی دەکاتەوە لەوەی خاکەکەی ببێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و ھاتووە: "خاکی عێراق، شوێن و جێگایەک نییە بۆ ناردنی پەیام و نیشاندانی ھێز لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان".
ڕاشیگەیاندووە: "لە ھەمان کاتدا ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەو ئەرکانەی لاداوە کە پێی سپێردراوە و ئەو ئەرکەی پێی بەخشراوە و بووەتە ھۆی ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق، ھەروەھا بووەتە پاساوێک لە پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناکۆکییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان".
سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق: "ھێرشەکەی ئەمریکا گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر دەکات"
سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق ڕایگەیاند، "ھێرشەکەی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر دەکات".
سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "ئەم هێرشە دەبێتە مایەی ھەڕەشە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە".
ئەوەشی وەبیرھێناتەوە کە "عێراق لە میانی گفتوگۆکاندا، بە ڕوونی خواستی خۆی نیشانداوە بۆ ڕێکخستنەوەی کارەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بەڵام ھێرشەکەی شەوی ڕابردوو، دەرفەتی سەرخستنی گفتوگۆکانی ئێستا لەناو دەبات".
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داواشی کردووە کە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی نێوان ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی ھێرشەکەی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا ئەنجام بدرێت.
عێراق یاداشتنامەی ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی ھێرشەکانی شەوی ڕابردوو ڕادەستی ئەمریکا کرد
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دەیڤید پێرکەر بانگھێشت کرد کە لە میانیدا، یاداشتنامەی ناڕەزایەتی لەبارەی ھێرشەکانی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا سەر بۆسەر ژمارەی خاڵی سەربازی لە پارێزگای ئەنبار ڕادەست کرد.
وەزارەتەکە لەم بارەیەوە ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی بانگھێشتکردنەکەدا، یاداشتنامەی ناڕەزایەتی عێراق لەبارەی ھێرشەکانی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر ژمارەیەک خاڵی سەربازیی لە ناوچەکانی عەکاشات و قائیم سەربە پارێزگای ئەنبار ڕادەستی دەیڤید پێرکەر کراوە.
لە بۆردومانەکەی ئەمریکا بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار ١٦ چەکداری حەشد کوژراون
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ئاکامی بۆردومانەکەی شەوی ڕابردووی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم سەربە پارێزگای ئەنبار، ١٦ چەکداری حەشد کوژراون و ٢٥ی دیکەش برینداربوون.
فەرماندەیی لیوای ١٣ی تفوف سەربە دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شەوی ڕابردوو، بارەگایەکی لیواکەیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە بۆردومان کراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، ١٣ چەکداری لیوای ١٣ی تفوف کوژراون و ٢٥ی دیکەش برینداربوون.
حکوومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بۆردومانەکەی شەوی ڕابردووی ھێزەکانیان بۆسەر ئامانجی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لە عێراق و سووریا لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازەکەی ئەمریکایە کە لە ئوردن کوژران.