ھەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەردەوامە
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ی دەستوور، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠یان تاوتوێ کرد.
Arbil
ھەولێر – AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا و سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ی دەستوور، ھادی عامری کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچووە و تێدا گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەکرێت.
بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی نێو کارنامەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی کە کورد، شیعە و سوننە لەسەری ڕێککەوتوون، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا، کارنامەکەی جێبەجێ بکات کە یەکێک لە خاڵەکانی نێو کارنامەکە، جێبەجێکردنی تەواوی ماددەی ١٤٠ی دەستوورە.
ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، ئەویش بە سێ قۆناغ کە بریتین لە ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان، ھەروەھا گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە لە شوێنی دیکەوە بۆ ئەو ناوچانە هێندراون.
بڕیاربوو لیژنەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٧دا، تەواوکردنی ماددەکەی جێببەجێ بکات، بەڵام بە چەندین ھۆکار کاری لیژنەکە راگیرا. رۆژی ٢٨ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بەسەرۆکایەتی ھادی عامری کاراکرایەوە، کە لە کارنامەی حکوومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی-دا لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت لەسەری ڕێککەوتوون.
یەکێک لە بڕگەکانی نێو ماددەی ١٤٠ی دەستوور، بریتییە لە چارەسەرکردنی زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کە داگیرکراوە.
ھەروەھا لە مانگی حوەزیرانی ٢٠٢٣دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعسی ھەڵوەشاوە پەیوەندار بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری پارێزگای کەرکووکی پەسەندکرد.
