"موقتەدا سەدر ھاوسەنگی ھێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست دەکات"
شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی: "بەھۆی بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لایەنە شیعەکانی دیکە سوودمەند دەبن و کورد و سوننە زەرەرمەند دەبن".
Arbil
ھەولێر ــ AA
شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی ڕایگەیاند کە بەھۆی بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لایەنە شیعەکانی دیکە سوودمەند دەبن و کورد و سوننە زەرەرمەند دەبن و ھاوکات سەرۆکی سەنتەری ھزری سیاسیی، ئیحسان شممەری ئاماژەی بەوەدا کە بێگومان بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کاریگەری لە ھاوسەنگی ھێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست دەکات.
بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١١ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
پێشتر سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عیماد جەمیل بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاندبوو لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، ٢١ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
ھەروەھا عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەشدابوو کە تا ئێستا ٣١ ھاوپەیمانی، ٤١ پارت و ٨٧ کەس وەک کاندیدی تاکە کەسی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، تۆمار کراون.
ڕۆژی ٢٧ ئاداری ٢٠٢٥ سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناکات، وەک خۆی گوتی: "ئەم ھەڵبژاردنە ھیچ گرنگییەکی نییە، تەنھا لەپێناو بەرژەوەندی تائیفی و حزبییە".
موقتەدا سەدر کە لە ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠٢١دا، زۆرترین ژمارەی کورسی (٧٣ کورسی) بەدەست ھێنا، لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢دا کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسیی ڕاگەیاند.
ھەروەھا موقتەدا سەدر بەشداری ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق نەکرد کە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوە چوو.
بڕیاری بایکۆتی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەن موقتەدا سەدرەوە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت و شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە کە بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردندا، کاریگەریی زۆری لەسەر پرۆسەکە دەبێت.
" بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، کورد و سوننە زەرەرمەند دەبن"
شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبوونی سەبارەت بە کاریگەریی بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "بێگومان بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کێشە لە ھاوسەنگی ھێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست دەکات بەتایبەتیش لەناو ماڵی شیعە، چونکە ئێمە بینیمان لە خولی پێشوو کاتێک موقتەدا سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران کشایەوە (کە ٧٣ کورسی بەدەستھێنابوو)، لایەنە شیعەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی، دەستیان بەسەر کورسییەکانی موقتەدا سەدر دا گرت و بەوەش لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا زۆرینەیەکیان بەدەستھێنا کە ھەرگیز نەیاندەتوانی ئەو زۆرینەیە بەدەستبھێنن، بۆیە ئەگەری ھەیە ھەمان ئەو سیناریۆیە لە ھەڵبژاردنی داھاتووش دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز دەبێت بەو پێیەی سەرۆکوەزیرانی ئێستا محەمەد شیاع سوودانی بە لیستێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکەدا دەکات و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک لەنێوان ٣٠ بۆ ٣٥ کورسی لە کورسییەکانی موقتەدا سەدر بەدەست بھێنێت و ٤٠ کورسییەکەی دیکەی موقتەدا سەدر بۆ لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەبن، بەوەش لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دەھێنن".
خالید دەبوونی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ھەموو دۆخێکدا بەھۆی بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، کورد و سوننە زەرەرمەند دەبن کە لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ موقتەدا سەدر ھاوپەیمان بوون، بۆیە کورد و سوننە لە بەردەم دوو بژاردەدان کە یەکەمیان ئەوەیە دەبێت ھاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بکەن وەک ئەوەی ئێستا ھەیە کە پێی دەگوترێت ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت، دووەمیان ئەوەیە دەبێت ببن بە کەمینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران".
ھەروەھا خالید دەبوونی سەبارەت بە شێوەی پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێوان لایەنەکان لە پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردن چۆن دەبن، ئەوا گوتی: "تا پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکە، لایەنەکان بە لیستی خۆیان و دوور لە ھاوپەیمانی بەشداری پرۆسەکەدا دەکەن، پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێوان لایەنەکان دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕادەگەیەندرێت".
گوتیشی: "ھاوپەیمانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانیان دەبێت، واتا ئەگەر لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی زۆرینە بەدەست بھێنن، ئەوا بەشێکی زۆر لە لایەنە سوننەکان ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکەن، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام لەگەڵ لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی ھاوپەیمانە".
خالید دەبوونی سەبارەت بەوەی کێ دەبێتە براوەی ھەڵبژاردنەکە و ، ئەوا گوتی: "جارێ زووە قسە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە بکەین، بەڵام لەوانەیە مانگێک بەر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکە واتا لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەوە دەربکەوێت کە کام لایەن دەبێتە براوەی ھەڵبژاردن".
ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە سەبارەت بەوەی کە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو لەسەر چی بنەمایەک دەبێت ئەوا گوتی: "پێموایە چوارچێوەی ھەماھەنگی جارێکی تر محەمەد شیاع سوودانی ھەڵنابژێرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، چونکە ئێستا بە ڕوونی دیارە کە زۆرێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی لە حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی بێزارن سەرەڕای بوونی چەند لایەنێک کە لایەنگری دەکەن، ئێمە لە عێراق لەسەر ئەوە ڕاھاتووین ئەو کەسەی کە دەبێت بە سەرۆکوەزیران، دووبارە ناکرێتە بەسەرۆکوەزیران، وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ نوری مالیکی ڕوویدا".
" بێگومان بەشدارینەکردنی موقتەدار سەدر لە ھەڵبژاردندا کاریگەری لە ھاوسەنگی ھێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست دەکات "
سەرۆکی سەنتەری ھزری سیاسیی، ئیحسان شممەری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە بڕیاری موقتەدا سەدر بۆ بەشدارینەکردنی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتی: "بڕیارەکەی موقتەدا سەدر بۆ بەشدارینەکردنی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەچوارچێوەی ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دێت کە لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕایگەیاندووە، لەلایەکی دیکەوە پێم وایە ھێشتا مەرجەکانی موقتەدا سەدر لە گەڕانەوەی بۆ ناو پڕۆسەی سیاسی و بەشداریکردنی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن جێبەجێ نەکراوە، بەتایبەتیش ئەوانەی کە پەیوەندیدارن بە بنبڕکردنی گەندەڵی و ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان، بۆ ئەوەی چەک تەنھا لەدەستی دەوڵەتدا بێت، ھەروەھا ئەنجامدانی چاکسازیی، بۆیە موقتەدا سەدر لەئێستادا ئامادەییە بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی تا ئەو کاتەی گۆڕانکاریی نەکرێت".
ئیحسان شممەری پێوایە بڕیارەکەی موقتەدا سەدر بۆ بەشدارینەکردنی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کاریگەریی زۆری لەسەر پرۆسەکە دەبێت و گوتی: "بێگومان بەشدارینەکردنی موقتەدا سەدر لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کاریگەری لە ھاوسەنگی ھێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست دەکات، ھەروەھا ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدر وا دەکات کە دووبارە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی ببن بە زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی داھاتوو پێکبھێنن، جگە لەوەش ئەو بڕیارەی سەدر وا دەکات ڕێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەی ھەڵبژاردن کەم ببێتەوە".
ئیحسان شممەری سەبارەت بە شێوەی پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێوان لایەنەکان لە پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردن چۆن دەبن، ئەوا گوتی: " تا پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکە،لایەنەکان بە لیستی خۆیان و دوور لە ھاوپەیمانی بەشداری پرۆسەکەدا دەکەن، پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێوان لایەنەکان دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، من پێموایە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، بە ھەمانشێوەی ئێستا شیعە، سوننە و کورد لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەتدا بمێننەوە".
سەرۆکی سەنتەری ھزری سیاسیی، ئیحسان شممەری لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لایەنەکان لەسەر زوو پێکھێنانی حکوومەت ڕێکدەکەون یان پێکھێنانی حکوومەت بەھەمانشێوەی ساڵەکانی ڕابردوو دوادەکەوێت، ئەوا گوتی: "من لەو باوەڕدام کێشە تەنھا یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران بێت لەوەی کێ بە سەرۆکوەزیران ھەڵدەبژێردرێت".
ئیحسان شەممەری باسی لەوەش کرد محەمەد شیاع سوودانی پێویستی بە ڕێککەوتنە لەگەڵ لایەنەکان، بۆ ئەوەی ببێتەوە بە بەسەرۆکوەزیران و گوتی: "محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئەم ھەڵبژاردنە لیستی خۆی ھەیە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ڕێکبکەوێت".
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
