عێراق

لە ڕێوڕەسمێکدا باڵەخانەی نوێی کۆنسولخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرایەوە

- سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق نێچیرڤان بارزانی: "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئه‌مريكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەش لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا بنیاد نراوە".

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 03.12.2025 - نوێکردنەوە : 03.12.2025
لە ڕێوڕەسمێکدا باڵەخانەی نوێی کۆنسولخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

لە ڕێوڕەسمێکدا باڵەخانەی نوێی کۆنسولخانەی ئەمریکا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان-عێراق کرایەوە.

هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق نێچیرڤان بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایکڵ ڕیگەس ئامادەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەکە بوون.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوزیرانی قوباد تاڵەبانی ئامادەبوون، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایکل ڕیگەس، ڕایگەیاند، "بوونی ئەم ناوەندە دیپلۆماسییە لێره‌، پەیامێکی سیاسیی ڕوونە دەربارەی گرنگیی هەولێر و هەرێمی کوردستان و دەرخەری ئەو هاوبەشییە قووڵه‌یە کە عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ ئه‌مريكادا هەیەتی و پێكه‌وه دەیانبەستێتەوە". گوتیشی، "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئه‌مه‌ريكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەش لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا بنیاد نراوە. هەر لە پرۆسەی دابینکردنی نه‌واى ئارام و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕینه‌وه‌ لە ساڵانی نەوەدەکاندا تا ئێستا، ئه‌مه‌ريكا لە سه‌ختترين و هەستیارترین كاته‌كاندا هه‌ميشه‌ لەپاڵ گەلی کوردستاندا وەستاوە".

سەرۆکی هەرێم وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامی کارکردن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم كێشه‌كان لەسەر بنەمای دەستوور، ڕاشیگەیاند، "له‌ چوارچێوه‌ى عێراقى فيدراڵدا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا، پابەند دەبین بە هاوبەشیی ستراتیژییمان لەگەڵ ئه‌مه‌ريكا، چونکە بڕوامان وایە ئەم هاوبەشییە بنه‌مايه‌كى سەرەکییە بۆ ئاشتی و ئاسایش و پێشكه‌وتن".

دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر نزیک بە حەوت ساڵی خایاند و لە ٢٣ی نیسانی ساڵی ٢٠١٨ بەردی بناغەی دانرا.

دەگوترێت، باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لەسەر ڕووبەڕی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار مەتری دووجا بونیاد نراوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın