سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان جەخت لە سەقامگیریی عێراق دەکاتەوە
- لە رۆژی دووەمی سەردانیدا بۆ بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ژمارەیەک سەرکردە و ھێزە سیاسییەکانی عێراقی کرد.

Arbil
هەولێر - AA
لە رۆژی دووەمی سەردانیدا بۆ بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ژمارەیەک سەرکردە و ھێزە سیاسییەکانی عێراقی کرد کە بریتی بوون لە سەرۆکی رەوتی حیکمە، عەممار حەکیم و سەرۆکی بەرەی رزگاری و پەرەپێدان، ئوسامە نوجێفی و ئەمینداری گشتیی پرۆژەی نیشتمانیی عێراقی، جەمال زاری و سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی و سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری و سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر، حەیدەر عەبادی و سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر، نەسار روبێعی و ئەندامانی دەستەکە.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکاندا راشکاوانە و بە کراوەیی دۆخی سیاسیی و ئابووری و ئەمنیی عێراق و تەحەدییە جیاکانی بەردەم وڵات، پەیوەندییەکانی ھەولێرـ بەغدا و گفتوگۆی نێوانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان، مەترسییەکانی تیرۆر و ھەڕەشەکانی داعش، پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیھان، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و دۆخی ناوچەکە بەگشتی، تاوتوێ کران.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەکانی کردووە بۆ پەسەندکردنی بوودجەی عێراق و ھیوای خواستووە ئەوە سەرەتایەک بێت بۆ ھەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی عێراق بەگشتی و کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی. نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێرـ بەغدا بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور دووپات کردووهتهوە و رایگهیاندووه: "ھەموومان لە عێراق ھەڵەمان کردووە، دەبێ بە تێڕوانینێکی تازەی ھاوبەشەوە بۆ داھاتوو و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لاپەڕەیەکی تازە ھەڵبدەینەوە و سوود لە ئەزموون و ھەڵەکانی رابردوو وەربگرین".
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەکردووهتەوە کە سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق و گەڕانەوەی بۆ پێگەی ئاساییی خۆی، بە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانییەوە بەندە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، کلیلی سەقامگیری و داھاتوویەکی باشترە بۆ تەواوی عێراق، ھەرچەند کێشەکانی عێراق چارەسەر ببن، ئەوەندە بەھێز دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە دانیشتن و پەیوەندیی بەردەوام لەنێو لایەنە عێراقییەکاندا ھەبێت و رایگەیاندووه: "ئەم سەردانەشمان بۆ بەغدا لەسەر ئەم بنەمایەیە و دەمانەوێت لەگەڵ ھەموو لایەک لە پەیوەندیی بەردەوامدا بین و دیدار و کۆبوونەوەکان لە بەغدا و ھەولێر بەردەوام بن".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا گوتوویهتی: "ھێز و ئارامی و سەقامگیریی عێراق پێکەوە بەستراوە، نەوەیەکی تازەی سیاسی لە عێراق دروست بووە و دەبێ بە دانایی و نەرمی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە و رووداوەکاندا بکرێت. دەبێ ھەمووان لە عێراق پێکەوە بگەینە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بۆ ئایندەیەکی باشتر و چارەسەرکردنی کێشەکان. عێراق خاوەنی سەرچاوەی مرۆیی و سروشتیی دەوڵەمەندە و دەبێ ھەموو لایەن و پێکھاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا ھاوبەش بن و لە ئەرک و مافەکاندا یەکسان بن. عێراق پێویستی بە بەھێزکردنی دامەزراوەکانیەتی و گەلی عێراق لە ھەموو شوێنێکی وڵات شایستەی ژیانێکی باشترە و پێشبینیی زیاتری خزمەتگوزاری دەکەن، حەز دەکەین ھەموو عێراق پێشکەوتوو بێت".
لە کۆبوونەوەکاندا لایەنە عێراقییەکانیش سوپاسی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی-یان بۆ بەغدا کرد و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە و ھێز و لایەنە سیاسییەکان بە گرنگ لەڕووی کاتەوە، ھەروەھا بە دەستپێشخەری و ھەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دا و ھیوایان خواست ببێتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆیەکی جددیی لایەنەکان لەسەر کێشە و گرفتەکانی عێراق و ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوانیان بۆ چۆنیەتیی چاسەرەکردنیان و قووڵکردنەوەی ھاوبەشی لەنێوان ھەموواندا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن