شارەزایان خوێندنەوەی جیاوازیان ھەیە لەبارەی کاریگەریی ھەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دۆخی ئابووریی عێراق
Arbil
ھەولێر ــ AA
تا دێت فشارەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەسەر لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی زیاد دەبن، بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە لە جێگای نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق بەربژێر بکەن.
ڕۆژی ٢٤ی کانوونی دووەمی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە، بە زۆرینەی دەنگ، نوری مالیکی کە بە کەسێکی نزیک لە ئێران دادەندرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەربژێرکرا.
ئەو ھەنگاوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە، کاردانەوەی توندی ئەمریکای لێکەوتەوە و سێ ڕۆژ دواتر و ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەمی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ھۆشداری ئەوەی دابوو، ئەگەر نوری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوە ئەمریکا ھیچی دیکە یارمەتی عێراق نادات.
- کاریگەریی ھەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دۆخی ئابووریی عێراق
شارەزایانی ئابووری خوێندنەوەی جیاوازیان ھەیە لەبارەی کاریگەریی ھەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دۆخی ئابووریی عێراق.
لەوبارەیەوە شارەزای بواری ئابووریی، گۆڤەند شێروانی ڕایگەیاند ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ھەڕەشەکانی لەبارەی ھەڵپەساردنی یارمەتییەکانیان بۆ عێراق جێببەجێ بکات، ئەوە دەرئەنجامێکی زۆر خراپی لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت، ھاوکات شارەزای ئابووری، سەفوان قوسەی ڕایگەیاند کە ھیچ مەترسییەک نییە لەھەمبەر ھەڵگرتنی پارێزبەندی ئەمریکا لەسەر داھاتی فرۆشی نەوتی عیراق کە لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکادایە.
گۆڤەند شێروانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەرچەندە ئەو ھەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ، جۆرێکن لە فشاری سیاسی لەسەر چوارچیوەی ھەماھەنگی شیعە تا پاشگەزببنەوە لە بەربژێرکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەگەر ھاتوو ئەو ھەڕەشانە جێبەجێ بکرێن، ئەوە دەرئەنجامێکی زۆر خراپی لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت، چونکە ھەموو داھاتی فرۆشی نەوت لە ڕێگای بانکی فیدراڵییەوە ڕەوانەی عێراق دەکرێت".
لەماوەکانی ڕابردوودا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ھۆشداری ئەوەی داوەتەوە بانکی ناوەندیی عێراق لەوەی ئەگەر مالیکی ببێتەوە بەسەرۆکوەزیران، ئەوا ئەمریکا پارێزبەندی لەسەر داھاتی فرۆشی نەوتی عێراق ھەڵدەگرێت و چی دیکەیش دۆلار ڕەوانەی عێراق ناکەن.
گۆڤەند شێروانی لەبارەی کاریگەری ئەو ھۆشدارییەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر دۆخی دارایی عێراق، گوتی: "حکوومەتی عێراق بۆ دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران ھیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە داھاتی فرۆشتنی نەوت نەبێت، ئەوەش لە کاتێکدایە سەرجەم داھاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق دەچێتەوە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، بۆیە ئەگەر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ھۆشدارییەکەی لەوبارەیەوە جێبەجێ بکات، ئەوە کێشەیەکی زۆر لە ڕووی داراییەوە بۆ عێراق دروست دەبیت".
ھاوکات شارەزای بواری ئابووری، سەفوان قوسەی لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند کە سەرباری گرنگیدان بە پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، بەڵام ھەندێک ئاماژەی نەرێنی لەلایەن ئەمریکاوە بەرامبەر بەعێراق بەدی دەکرێت، ئەمەیش پێویستی بە گفتوگۆکردن و ڕوونکردنەوە ھەیە لەگەڵ ئەمریکا، بە تایبەتیش خودی نوری مالیکی کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ واشنتۆن کردووە، بۆیە پێویستە عێراق لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا بکات".
سەفوان قوسەی گوتیشی: "پێموایە کە ھیچ مەترسییەک نییە لەھەمبەر ھەڵگرتنی پارێزبەندی ئەمریکا لەسەر داھاتی فرۆشی نەوتی عیراق کە لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکادایە، چونکە ئەمریکا دەزانێت ئەگەر پارێزبەندی لەسەر داھاتی فرۆشی نەوتی عیراق ھەڵبگرێت، ئەوە زیان بە بەرژەوەندی عێراقییەکان دەگەیەنێت، لەبەر ئەوە ئەمریکا بەردەوام پەرۆشی ئەوەیە پارێزگاری لە بەرژەوەندی عێراقییەکان بکات و دارایی و ئابووریی عێراقیش سەربەخۆبن".
باسی لەوەش کرد کە عێراق و ئەمریکا خاڵی ھاوبەشیان ھەیە و ئەمریکا دەتوانێت بە لێکتێگەیشتن عێراق لە ھەموو مەترسییەک دوور بخاتەوە.
- پرسی زیادکردنی باج و ڕوسوماتی گومرگی و داھاتی نانەوتی
حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە دەستی بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کردووە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە گومرگی لەسەر کاڵا و کەلوپەلی ھاوردەکراو بەڕێژەی پێنج لە سەدا بۆ ٣٠ لە سەدا زیادی کردووە.
سیستمی گومرگی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی ئەلیکترۆنی فەرمییە کە بۆ بەڕێوەبردن و رێکخستنی کارەکانی گومرگ بەکاردێت، ئەم سیستمە ڕێگا دەدات بە تۆمارکردنی ھاوردە و ھەناردە، لەگەڵ ھەژمارکردنی باج و گومرگ و پشکنینی کاڵا و کەلوپەلی ھاوردەکراو بەشێوەیەکی یاسایی.
ئەسیکۆدا بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتیدەرە بۆ خێرایی شەفافیەت و کەمکردنەوەی ھەڵەکان لە پرۆسەی گومرگی و گۆڕینی سیستمی کاغەزی بۆ سیستمی دیجیتاڵی و سوودمەندبوونی بازرگانان لە نرخی فەرمی دانراوی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە لایەن بانکی ناوەندیی عیراقییەوە.
هەروەها جێبەجێکردنی سیستمی نێودەوڵەتی ئەسیکۆدا لە گومرگەکانی عیراق کە پێشتر وەک ھەنگاوێکی گرنگ بۆ بەدیجیتاڵکردن و رێکخستنی کاری گومرگ ناسرابوو، ئێستا بووەتە سەرچاوەی قەیرانێکی نوێ و ناڕەزایی گشتی، چونكە ئەم سیستمە کە دەبێت ھۆکاری خێرایی و شفافیەت و رێگریکردن لە گەندەڵی بێت، بەڵام بەھۆی شێوازی جێبەجێکردن و نەبوونی ئامادەکاری پێشەوەختەوە، کاری گومرگ و بازرگانی خستووەتە باری تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە.
لە ماوەکانی ڕابردوودا بازرگانان و کاسبکاران لە بەشێک لە شارەکانی عێراق وەك کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی باجی گومرگی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دووکان و بازاڕیان داخست.
ھەروەھا پێشتر ھەریەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد خەفاجی و مستەفا سەند بە جیا سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵیی دژبە پێناسی نوێی گومرگی تۆمارکردبوو و تیایدا داوایان لە دادگاکە کردبوو کە پێناسی نوێی گومرگی بە "نادەستووریی" بناسێنێت و فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بۆ دەربکات.
بەڵام ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی سکاڵاکانی ڕەت کردەوە، ئەوەش بەھۆی "نەبوونی بەرژەوەندی ڕەوا لە سکاڵاکاندا".
لەوبارەیەوە شارەزای بواری ئابووریی, گۆڤەند شێروانی ڕایگەیاند، زیادیکردنی باج و ڕوسوماتی گۆمرگی، بە مانای ئەوە دێت کە نرخی کاڵا ھاوردەکراوەکان گران دەبێت و خواستی ھاووڵاتییانیش لەسەر کاڵای ھاوردەکراو کەم دەبێتەوە و لەو کاتەدا، تەنھا زیاتر بازرگانان زیان دەکەن".
ھەروەھا گۆڤەند شێروانی سەبارەت بەوەی کە دەگوترێت ئامانج لە زیادکردنی باجی گومرگی زیادکردنی داھاتی نانەوتییە، ئەوە گوتی: "زیادکردنی ڕێژەی گومرگی زۆر کەمە و بەھیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت بە داھاتی فرۆشتنی نەوت، بەڵام ئەوە کارێکی باشە و حکوومەتی عێراق مافی خۆیەتی باج و ڕوسوماتی گومرگی ١٠ لە سەدا تا ١٥ لەسەدا زیاد بکات، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بتوانێت داھاتی نانەوتی زیاد بکات".
هەروەها گۆڤەند شێروانی لەبارەی کاریگەرییەکانی زیادیکردنی باج و ڕوسوماتی گۆمرگی لەسەر بازرگانان و ھاووڵاتییان، ئەوە گوتی: "نەک ھەر ڕێژەکانی باج زیاد کراون، بەڵکو سیستەمی باج وەگرتنیش بە سێستەمێکی نوێ کە پێی دەڵێن سیستەمی ئەسیکۆدا دامەزراوە کە مەبەست لەوەش زیادکردنی داھاتی نانەوتییە و لە ماوەیەکی کەمیشدا داھاتی نانەوتی لە عێراق زیادی کردووە، بەڵام زیادکردنی داھاتی نانەوتی لە عێراق بەھیچ شێوەیەک نابێتە جێگرەوی داھاتە زۆرەکەی فرۆشتنی نەوت".
لە بەرامبەردا شارەزای ئابووری، سەفوان قوسەی لەبارەی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی باجی گومرگیی، گوتی: "عێراق پەرۆشە بۆ ڕاگرتنی سیاسەتی دامپینگ (Dumping) کە لەلایەن ھەندێک وڵاتەوە پەیڕەو دەکرێت لەوەی کەلوپەلی خراپی بەرھەمھێنراو ھەناردەی عێراق دەکەن، بۆیە حکوومەتی عێراق ئێستا لە ڕێگای پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکۆداوە، ھەوڵدەدات گرنگی زیاتر بە بەرھەمی خۆماڵی بدرێت و کەمتر پشت بە کەلوپەلی ھاوردەکراو ببەسترێت".
ھەروەھا سەفوان قوسەی پێیوایە کە بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی باجی گومرگی، دەبێتە مایەی زیادکردنی داھاتی نانەوتی و گوتی: "جێبەجێکرنی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی باجی گومرگی، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، داھاتی نانەوتی زیاد دەبێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
