نێچیرڤان بارزانی و ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، جۆشوا ھاریس پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دوا پێشھاتەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، تاوتوێ کران.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، جۆشوا ھاریس ژمارەیەک دۆسیەی گرنگیان تاوتوێ کرد لەوانە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و دۆخی ناوچەکە.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کردووە لە جۆشوا ھاریس و شاندی یاوەری.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیەکدا، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دوا پێشھاتەکانی پرۆسەی سیاسی لە وڵات و دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا،ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ھاوڕا بوون کە بەرژەوەندی و بەھای ھاوبەش ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە و ھەر لەوبارەیەوە باسیان لە بوارەکانی ھاریکاریی نێوان ھەردوولا کرد.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، گرنگیی یەکدەنگیی لایەنەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ھەروەھا دۆخی ناوچەکە بە گشتی.
