Ahmet Dursun,Sami Sohta
06 شوبات 2026•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2026
ئەنقەرە ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی بەر لە دەستپێکردنی دانوستاندنەكان لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت پایتەختی عومان ڕایگەیاند کە بە نیازپاکی بەشداری دیپلۆماسی دەکەن و بەرگریی لەسەر مافەکانیان دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ھەینی دانوستان لەنێوان ئێران و ئەمریکا تایبەت بە پرسی ئەتۆمی لە مەسقەت پایتەختی عومان، ئەنجام بدرێت.
عەباس عەراقچی بەر لە دەستپێکردنی دانوستانەکان لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ئێمە بە نیازپاکی بەشداری دیپلۆماسی دەکەین و بەتوندی بەرگریی لە مافەکانمان دەکەین".
جەختی لەوەش کردووەتەوە، پێویستە ئەو بەڵێنانەی کە بە ئێران دراون، جێبەجێ بکرێن، ھەروەھا نووسیوویەتی: "یەکسانی و ڕێزی ھاوبەش و بەرژەوەندی ھاوبەش تەنھا وشە نین، بەڵکو بنەمای پێویستن بۆ ڕێککەوتنێکی ھەمیشەیی".