عێراق

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: "چاوەڕوانی بەغدا دەکەین لێکتێگەیشتنی شاندی هەولێر و بەغدا پەسەند بکات"

- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق: "شاندی هەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونی کۆمپانیا نەوتییەکان لێکتێگەیشتوون و چاوەڕوانی بەغداین کە پەسەندی بکات و کۆتایی بێت بە خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم".

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 02.07.2025 - نوێکردنەوە : 03.07.2025
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: "چاوەڕوانی بەغدا دەکەین لێکتێگەیشتنی شاندی هەولێر و بەغدا پەسەند بکات"

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆی نێوان شاندەکانی هەولێر و بەغدا، "ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوویەوە.

بە پێی ڕاگەیاندراوێکی کۆبوونەوەکە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بووە بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، جارێکی دیکە ئەنجوومەنی وەزیران پێداگریی کردووە لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و ڕادەستکردنی هەناردەکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و جەخت لەوەش کراوەتەوە کە "ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون".

ئەنجوومەنی وەزیران ڕاشیگەیاندووە، "بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە مووچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری مووچەخۆرانی هەرێمە و بە هەموو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın