ھێرشەکەی ھەولێر.. شەرمەزارکردنی مستەفا کازمی لەبەردەم ئیدارەی نوێی ئەمریکادا
ژمارەیەک شرۆڤەکاری سیاسیی و سەربازیی عێراقی رایانگەیاند، ئەو ھێرشە مووشەکییەی کە شەوی رابردوو کرایە سەر شاری ھەولێر، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبەردەم ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن، تووشی شەرمەزاری دەکات.

Arbil
ھەولێر ــ AA
ژمارەیەک شرۆڤەکاری سیاسیی و سەربازیی عێراقی رایانگەیاند، ئەو ھێرشە مووشەکییەی کە شەوی رابردوو کرایە سەر شاری ھەولێر، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبەردەم ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن، تووشی شەرمەزاری دەکات.
شەوی رابردوو، ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و دەورووبەری کە بەھۆیەوە کەسێک کوژراو و شەشی دیکەیش برینداربوون کە یەکێکیان سەربازێکی ئەمریکییە.
ھەر دوای ھێرشەکە گرووپێکی چەکدار کە ناوی خۆی ناوە "سەرایا ئەولیا ئەلدەم" بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەدابوو کە بنکەی ھێزەکانی ئەمریکای لە شارۆچکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر کردووەتە ئامانج، بێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەک لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
ئەو گرووپە راینگەیاندووە کە بەفەرمی سەربە چی لایەنێکە، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو گرووپە یەکێکە لە گرووپەکانی حزبوڵڵا عێراق سەربە حەشدی شەعبی.
ھەر دوا بەدوای ھێرشەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەپەلە فەرمانی دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ھاوبەش لەنێوان بەغدا و ھەولێر بە ئامانجی ئاشکراکردنی ئەو لایەنەی کە ھێرشەکەی ئەنجامداوە، پێکبھێنرێت.
ــ شەرمەزارکردنی مستەفا کازمی
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ زیاتر لە جارێک بەڵێنیداوە کە ھەرچی ھەوڵ و توانای ھەیە لە پێناو راوەستاندنی ئەو ھێرشە مووشەکییانە دەخاتەگەڕ کە لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارەکانەی شیعە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چالاکی ئەنجام دەدەن، دەکرێنە سەر ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش و نێردە دیپلۆماتییەکان لە عێراق.
لەمبارەیەوە شرۆڤەکاری سیاسیی، رەحیم شممەری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە مستەفا کازمی شەرێکی دژ بەو گروووپە چەکدارانە بەرپاکردووە کە لە دەرەوەی دەوڵەت چالاکی ئەنجام دەدەن و پابەندنیین بە بڕیارەکانییەوە.
رەحیم شممەری پێیوایە کە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ھەندێک رەھەندی جیاوازی ھەیە و گوتی:
"لەوانەیە ئەو ھێرشە ھەوڵێک بێت بۆ تێکدانی رەوشی ئەمنی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی وەبەرھێنانی تیایدا نەکرێت و تا کۆمپانیا بیانییەکان وەبەرھێنانەکانیان بگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق".
گوتیشی: "ھەروەھا ھێرشەکە ھەندێک رەھەندی دیکەی ھەیە کە لەوانەیە پەیوەستدار بێت بەو ھێرشە مووشەکییانەی کە دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە ھێزەکانی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراوە، بەشێوەیەکی گشتیی ھێرشەکە ھەمووانی تووشی شەرمەزاری کردووە".
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییەی عێراق ئەوەشی گوت "دوای ھێرشەکە، پێویستە ھەرێمی کوردستان داوای یارمەتی و پاڵپشتیی لە وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ بکات کە خاوەن فڕۆکەی پێشکەوتووە بۆ چاودێریکردنی ناوچەکانی دەورووبەری ھەرێم بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە ھێرشکردنە سەر ھەرێم".
ــ بەرزبوونەوەی ئاستی ھەماھەنگیی و ھاوکاریی سەربازیی نێوان بەغدا و ھەولێر
لەمبارەیەوە شرۆڤەکاری سیاسی عێراق، عیسام فەیلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەداوە، ئەو ناوچەیەی کە ھێرشەکەی تیایدا روویداوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵدایە، بەڵام ئەگەری ھەیە ئەو ھێرشە ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی ھەماھەنگیی و ھاوکاریی سەربازیی نێوان بەغدا و ھەولێر.
عیسام فەیلی راشیگەیاند کە حکوومەتی فیدراڵ بەرپرس نییە لە پاراستنی ناوچەکانی دەورووبەری ھەرێمی کوردستان، بەو پێیەی دەکەونە ژێرکۆنترۆڵی ھێزەکانی پاسەوانی ھەرێم (پێشمەرگە)".
ئەمە یەکەمجار نییە کە ھێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر. لە ئەیلوولی ساڵی رابردوویش شەش مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەکە کران، بەڵام ھیچ زیانی گیانیی و ماددەیی لێنەکەوتەوە.
ــ ھێرشەکە پەیامێکە بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ باین
لەمبارەیەوە ئەفسەری خانەنشینکراو لە سوپای عێراق، خەلیل نعێمی رایگەیاند کە ھێرشەمووشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، پەیامێکە بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن، بۆ ئەوەی لەسەر واقیع مامەڵە لەگەڵ بڕیاری کشاندنەوەی ھێزەکانی لە عێراق بکات.
خەلیل نعێمی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێرشەکە پەیامێکی لە پشتەوەیە کە بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەڵێت کە نەکشاندنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، باجێکی قورسی دەبێت".
لە ساڵی ٢٠١٤دا، پێنج ھەزار سەربازی ئەمریکا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بنکە سەربازییەکانی عێراق بڵاوکرانەوە.
ھێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤دا دوای ھێرشەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی عێراق، ئەو کات لەسەر سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالیکی گەڕانەوە بۆ عێراق، ئەوەیش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١دا دوای ھەشت ساڵ لە رووخاندنی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، عێراقیان جێھێشتبوو.
گرووپە چەکدارەکانی شیعە سەربە حەشدی شەعبی لەنێویاندا حزبوڵڵا عێراق و عەسائیبی ئەھل ئەلحەق کە بە نزیک لە ئێران ناسراون، بژاردەی سەربازییان گرتووەتەبەر بە ئامانجی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوەیش دوای ئەوەی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
لەو کاتەوە بەردەوام ھێرشە مووشەکییەکان بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا و کاروانی پاڵپشتیی لۆجستیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە پارێزگاکانی باشووری عێراق ئەنجام دەدرێن لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی ناوی ئەو گرووپە چەکدارانەی ئاشکرانەکردووە کە تێوەگلاون لە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە، جگە لەوەی کە رایگەیاندووە ئەو ھێرشانە لەلایەن گرووپەکانی دەرچوو لە یاسا ئەنجام دەدرێن.
گرووپە چەکدارەکانی شیعە باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە بژاردەکانیان بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بژاردەی سەربازییە، چونکە ھێزەکانی ئەمریکا پابەندنین بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دەرکردووە و تیایدا داوای دەرکردنی ھێز بیانییەکان لە عێراق دەکات.
حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی فەرمییە و زۆربەی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لەخۆدەگرێت و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاسایی کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و لەژێر فەرمانی سوپا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە داعش ئەرک جێبەجێ دەکات.
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کە لە کۆشکی سپی رایگەیاندبوو کە لە میانی سێ ساڵدا، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێندرێنەوە.