شیکاریی.. حەشدی شەعبی لەنێوان مانەوە وەک خۆی و توانەوە لەناو هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا
لە ساڵی ٢٠١٤دا، حەشدی شەعبی بە فەتوایەک بۆ بەرەنگاربووەنەوە داعش هاتە جێگیربوون لەناو دامەزراوەی فەرمی ئاسایش و بەرگریی عێراق.

Arbil
ھەولێر ــ AA
لە ساڵی ٢٠١٤دا، حەشدی شەعبی بە فەتوایەک بۆ بەرەنگاربووەنەوە داعش هاتە جێگیربوون لەناو دامەزراوەی فەرمی ئاسایش و بەرگریی عێراق.
ساڵی ٢٠١٤ بوو کە فەتوایەک بەشی هەرە زۆری گرووپە سیاسیی و سەربازییەکانی شیعەی لە چوارچێوەی هێزێک بە ناوی حەشدی شەعبی کۆکردەوە.
حەشدی شەعبی لە ھاوپەیمانیی ٤٢ گرووپی چەکداری شیعە لە عێراق بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە یاسایی بوو و بوو بەشێک لە دامەزراوەی ئاسایش و بەرگریی عێراق.
ساڵانێکی زۆرە حەشدی شەعبی کاریگەریی لەسەر جومگەکانی ناوەندی بڕیار لە عێراق ھەیە و بووەتە خاوەن ھەژموون و دەسەڵاتێکی زۆر لە رووی چەکداریی و سیاسییدا.
ــ چۆن حەشدی شەعبی دامەزرا
دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکووری و رۆژئاوای عێراقی داگیرکرد بە تایبەتیش شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا، حەشدی شەعبی بە دەرکردنی فەتوای جیھادی کیفائیی لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەکان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکە و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، دامەزرا.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنەوەی شار و شارۆچکەکان لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەست پێ کرد کە ھێزەکانی حەشدی شەعبیش تیایدا بەشدارییان کرد.
لەئێستادا ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی شەڕەکانی دژبە تیرۆر لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و نەینەوا لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئۆپەراسیۆن بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجام دەدەن.
ــ ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە ١٣٠ ھەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت
ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە ١٣٠ ھەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت کە لە ھاوپەیمانیی٤٢ گرووپی چەکداری شیعە پێکھێنراوە و بەسەر سێ گرووپدا دابەشبوون.
ژمارەیەک گرووپی حەشدی شەعبی پێش فەتواکەی سیستانی لە عێراق، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شیعە دامەزرابوون و لە قۆناغی جیاوازدا ئامانجی جیاوازیان ھەبووە، بەڵام زۆربەیان لە دوو خاڵدا هاوبەشن کە یەکەمیان دژایەتییکردنی ئەمریکایە لە عێراق و دووەمیان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شیعە لە عێراق.
پێکھاتە سەرەکییەکانی نێو حەشدی شەعبیی بریتیین لە عەسائیب ئەھلی حەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی عامری و کەتائیب حزبوڵڵا لە عێراق بە سەرۆکایەتی ئەبو حوسێن حەمیداوی.
باڵادەستترین گرووپی ناو حەشدی شەعبی رێکخراوی بەدرە کە ھادی عامری سەرۆکایەتیی دەکات، چونکە لە رووی سەربازییەوە لە گرووپەکانی دیکەی شیعە ئەزموونی زیاترە و ژمارەی چەکدارەکانی زۆرە کە مەزەندە دەکرێت ١٥ ھەزار چەکداربن.
ــ مووچە و چەکی حەشدی شەعبی
ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە ١٣٠ چەکدار مەزەندە دەکرێت و بەپێی زانیارییەکان ھەر چەکدارێکی ئاسایی حەشدی شەعبی، مانگانە ٨٠٠ ھەزار دینار وەردەگرێت.
چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لەلایەن سوپای عێراقەوە دابین دەکرێت و ئەوەش سەرەڕای هۆشدارییەکانی بەردەوامی ئەمریکا کە چەک و تەقەمەنی دەوڵەتی عێراق کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە وەک یارمەتی بەخشراوە، نەگاتە گرووپەکانی نزیک لە ئێران.
لە رۆژی ٢٦ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ وەک ھێزێکی دەستووریی و یاسایی دەنگی لەسەر حەشدی شەعبی دا و بووە بەشێک لە دامەزراوەی ئاسایش و بەرگریی عێراق، ئەوەش رێگە بە حەشدی شەعبی دەدات کەڵک لە هەموو بوار و تواناکانی عێراق وەربگرێت.
ئەوە کاتێک بوو بە فەرمی کە لە رۆژی ١٩ی کانوونی دووەمی ھەمان ساڵدا سەرکۆماری ئەوکاتەی عێراق، فوئاد مەعسوم واژووی لەسەر ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق کرد.
ــ چارەنووسی حەشدی شەعبی دوای ھەڵبژاردنەکان لە عێراق
ماوەی زیاتر لە سێ ھەفتەیە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەھۆی ناڕەزایەتییان لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان داخستووە و بەھۆی ئەو ناڕەزایەتییانەشەوە، گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پەکی کەوتووە و تا ئێستا نەتوانراوە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکە رابگەیەندرێت.
قوڵبوونەوەی کێشەکانی عێراق بەتایبەت کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی رۆڵی کارا دەگێڕن، چاودێرانی دۆخی ئەم وڵاتە مەترسی تەقینەوە و دروست بوونی شەڕی ناوخۆ دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی حەشدی شەعبی گرووپێکی چەکداری شیعەیە لە عێراق، بەڵام تا ئێستا ئەم ھێزە بەشێوەیەکی دروست رێکنەخراوە و نەیانتوانیوە لەگەڵ ھێزەکانی دیکەی عێراق تێکەڵ بەیەکتربن و پێکەوە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراقدابن و بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە لەژێر کاریگەریی ئێراندا، فەرمانەکانی جێبەجێ دەکات.
ھاوپەیمانیی فەتح کە بە باڵی سیاسیی گرووپە چەکدارەکانی شیعەی نزیک لە ئێران دادەندرێت لە میانی ساڵانی رابردوودا، خاوەن ھەژموون و دەسەڵاتێکی زۆربوو لە عێراق، بەڵام بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوچوو، ژمارەی کورسییەکانی زۆر کەمی کردووە و روون نییە لەوەی کە بە ئاسانی دەستەربەداری ھەژموون و دەسەڵاتەکەی بێت لە عێراق.
ئەوە گرێی ئاڵۆزییەکانی ناو هێزە ئەمنییەکان لە عێراق ئاڵۆزتر دەکات ئەگەر بیانەوێت حەشدی شەعبی لەناو هێزە ئەمنییەکاندا بتوێننەوە.
یاساناسان لە عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەھۆی ئەوەی حەشدی شەعبی وەک ھێزێکی فەرمی بە یاسایی کراوە، ھەڵوەشاندنەوەیشی پێویستی بە دەرکردنی یاسا ھەیە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن