پارتی لە بەغدا بەدوای چی دا دەگەڕێت؟
شاندێکی پارتی لە بەغدان و پێدەچێت جیاواز لەو شاندانەی کە پێشتر بۆ ڕێککەوتن و دانوستان لەگەڵ بەغدا ھەم لە سەر ئاستی حکوومەت و ھەر لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەکان ڕۆیشتوون، ئەمجارە ھەڵگری پەیامێکی سیاسی بن بۆ درێژەدان بە ھاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ شیعەکان.
Arbil
ھەولێر – AA فەخرەدین ئیبراهیم
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە نوێنەرایەتی دەکەن، بڕیاریان داوە بەدواداچوون بۆ ئەو بەرنامەیە بکەن کە لەگەڵ شیعەکاندا بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی عێراق لەسەری ڕێککەتبوون.
پارتی یەکێک لەو لایەنانە بوو کە لە پێکھێنانی حکوومەتی محەمەد شیاع سودانی-دا زۆرترین رۆڵی ھەبوو. کۆڵەکەی ھاوپەیمانییەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە پێیەی لەو کاتەدا پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە نێوان ململانی لایەنەکان بە کردەوە پەکی کەوتبووە و ڕێککەوتنی لایەنەکان بە ھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان ئەستەم دەبیندرا.
بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق، پ. د. ک لە سەرەتادا لەگەڵ لایەنە سوننەکان لە لایەک و موقتەدا سەدر کە براوەی ھەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بوو، ڕێککەوتبوو. لەگەڵ کێشانەوەی سەدر لە پڕۆسەی سیاسیی، پارتی بەداوی ھاوپەیمانی نوێ، لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کە زۆرینەی لایەنە شیعەکان جگە لە سەدرییەکان بوو، پێکھات.
لەسەر بنەمای چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیێشتمانی کوردستان بە جیا دانوستانیان لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکاندا کرد و لە پێکھێنانی حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی-دا بەشدارییان کرد و لەپاڵ سوننەدا ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت-یان پێکھێنا.
بنەمای ڕێککەوتنەکەی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی کە نوری مالیکی بە کردەوە سەرکردایەتی دەکرد، لەسەر کۆتایی ھێنانی بەو تەنگژانە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەولاوە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی کە نوری مالیکی خۆی سەرۆکوەزیران بوو، درووست ببوو.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی محەمەد شیاع سوودانی لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، لاپەڕەیەکی نوێ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و شیعەکان ھەڵدرایەوە و کۆتایی ھێنان بە ناکۆکی دۆستە کۆنەکان بوون کە ساڵانێکی زۆر لە یەک بەرەدا، زۆر دژبە حکوومەتی بەعس شەڕیان کردبوو.
بوودجە، پێشمەرگە، ناوچە ناکۆکییەکە لەسەرەکان، گرنگترین خاڵەکان بوون کە پارتی و بە گشتیی، دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە دوای چارەسەرییان دەگەڕان.
لەپاڵ ھەموو ناکۆکییەکان، گرێیەکی کوێر ھەبوو کە ھەموو لایەنەکان لەسەر کردنەوەی ڕێککەوتبوون، ئەوەیش دەرکردنی یاسای نەوت و غازی عێراق بوو بۆ ئەوەی سنووری دەسەڵاتی ھەریەکە لە حکوومەتی ناوەندی و ھەرێم بۆ کەڵک وەرگرتن لەو سەرچاوە سرووشتییە دیاری بکات. لە نەبوونی یاسای نەوت و غاز ھەرێمی کوردستان پشتبەستوو بە دەستووری عێراق کە رێگەی داوە بە بەکارھێنانی سەرچاوە سرووشتییەکان بۆ خۆشگوزەرانی گەلانی عێراق، دەستی بە دەرکردن و ھەناردەکردنی نەوت کردووە.
بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە بۆ حکوومەتی محەممەد شیاع سوودانی لەلایەن ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت لەسەری ڕێککەوتوون، ھەردوو حکوومەتی فیدراڵیی و ھەرێمی کوردستان سەرپشک کران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەکانی نەوت و بوودجە، بڕیاریش درا کە لە ماوەی شەش مانگدا، یاسای نەوت و غاز لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بنووسرێتەوە و پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت و بەو پێیەی کە ئەنجوومەنی نوێێنەرانیش لە زۆرینەی ئەو لایەنانە پێکھاتبوون، پەسەند بکرێت و تێپەڕێندرێت.
دوای ١١ مانگ لە پێکھێنانی حکوومەتی سوودانی، ئەو خواستە نەھاتووەتە دی و سەرەڕای ھەموو ھەوڵەکان و کۆبوونەوە بەردەوامەکان، ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز نەنووسراوەتەوە.
دوا کۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەرێم و حکوومەتی ناوەندی ڕۆژی شەممە رێکەوتی پێنجی ئابی ٢٠٢٣، بووە و نەتوانراوە ڕەشنووسەکە تەواو بکرێت و بە پێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئومێد سەباح، بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە چەند لێژنەیەک پێکبھێنرێت و لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئەو لێژنانە پڕۆژەی کۆتایی یاسای نەوت و غاز بنووسرێتەوە.
ھاوکات وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیکردووەتەوە، کە ھەنگاوەکانی تەواوکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز خێراتر دەکرێن.
ھەر لەم باریەوە ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەباح سوبحی بە میدیای ناوخۆیی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە "بە چەند ھۆیەک نەتوانراوە تائێستا ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕێندرێت، یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوە بوو کە ئایا ڕێگە بە ھەرێمی کوردستان دەدرێت نەوت دەربھێنێت، لەناو ڕەشنووسەکەدا، ئەمە روون نەکراوەتەوە، گرفتێکی دیکە ئەوەیە لە ماددەی ١١٢ی ڕەشنووسەکەدا، دەڵێ ئیدارەکردنی کێڵگە نوێیەکانی نەوت بە ھەماھەنگی دەبێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان دەڵێین نابێت حکوومەتی عێراق بە تەنھا ئیدارەی دۆسیەت نەوتی لەدەست بێت".
بە بۆچوونی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "ئەو ڕەشنووسەی ئامادەکراوە بۆ یاسای نەوت و غاز، تاکلایەنانە کراوە و ڕای حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە".
لەپاڵ ئەو ناکۆکییانەدا پەسەند کردنی بوودجەی سێ ساڵەی عێراق ھاوشێوەیەکی بۆمبێک لەسەر ڕێگەی نێوان ھەرێم و بەغدا بوو.
یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کە لە یەکی مانگی تەمووزی ڕابردووە کەوتە واری جێبەجێکردن بڕی ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق لەم ساڵانەدا، بە ١٦ تریلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاریکراوە کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینار.
پەسەند کردنی ئەم یاسایە، نەک تەنھا کورد، بەڵکو خودی سەرۆکوەزیران و بەشێک لە لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەتی تووشی نیگەرانی کرد و لە دژی ئەم یاسایە، ھەریەکە لە سەرۆکوەزیران سوودانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمار کرد و لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگادان.
بەو پێیە ھەر دوو پرسی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز و لە پاڵ ئەودا بووجەی عێراق، دوو خاڵی سەرەکی جێی بایەخی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانەکانی لەناو حکوومەت دان.
پێدەچێت جیاواز لەو شاندانەی کە پێشتر بۆ ڕێککەوتن و دانوستان لەگەڵ بەغدا ھەم لە سەر ئاستی حکوومەت و ھەر لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەکان ڕۆیشتوون، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە ھەڵگری پەیامێکی سیاسی بن بۆ درێژەدان بە ھاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ شیعەکان.
بەو پێیەی پارتی بە نیگەرانی لەو لایەنە شیعانە دەڕوانێت کە ھاوپەیمانین، لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا، جگە لە بەدواداچوون بۆ بەرنامەکانی پێکھێنانی حکوومەت، نیگەرانییەکانیشی بەو لایەنانە دەگەیەنێت، کە ڕێگەی ھاوپەیمانییەکەیان نابێت بەو ھەوراز و نشێوانەدا تێپەرێ.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن