
Arbil
ھەولێر – AA
سبەی چوارشەممە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و لە میانیدا سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە، ھەڵدەبژێردرێت.
فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی دانیشتنەکەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردەوە.
بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران دوو تەوەر لەخۆدەگرێت کە یەکێکیان تایبەتە بە ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە، تەوەرەکەی دیکەیش تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پشت بەستن بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە.
لە نووسراوێکدا کە واژووی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، موحسن مەندەلاوی لەسەرە ھاتووە: "پشت بەستن بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ١٤ی ئەم مانگەوە، ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە لخولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندووەتەوە".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت، ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنەکە ھەڵوەشاندەوە.
محەممەد حەلبووسی کە سەرۆکایەتی پارتی تەقەدوم دەکات، دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا، ٣٧ کورسی بەدەستھێنا بە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی شیعە، سوننە و کورد بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرا.