کوژرانی چوار کەس لە هێرشێکی چەکدارییدا لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا
لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارییدا لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، چوار کەس کوژراون کە یەکێکیان پۆلیسە، کەسێکیش برینداربووە.

Ankara
نیویۆرک - AA
بەپێی ئامارە بەراییەکان، لە ئەنجامی ھێرشێکی چەکدارییدا لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، چوار کەس کوژراون کە یەکێکیان پۆلیسە، کەسێکیش برینداربووە.
بەرپرسانى شارەکە بڵاویانکردەوە، لە ناوچەی مانھاتنی نیویۆرک ھێرشێکی چەکداری ڕوویداوە و، کەسێک تەقەی کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەکانەوە وەرگیراوە، لە ھێرشەکەدا تەقە لە پێنج کەس کراوە کە یەکێکیان پۆلیسە.
سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک، ئێریک ئادامز ھۆشداری دایە ھاووڵاتیان لە ناوچەکە دوور بکەونەوە.
ئادەمز ئاماژەی بەوە کرد لە ھێرشەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە پۆلیسێکیان لەنێویاندایە، کەسێکیش بە سەختی برینداربووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI)، دان بۆنجینۆ لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، کارمەندانی FBI ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون.
دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووداوەکە کە بووە ھۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە شارەکەدا، پۆلیسی نیویۆرک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دانیشتوانی ناوچەکەی دڵنیا کردەوە.
بەرپرسی پۆلیسی نیویۆرک، جێسیکا تیش لە ھەژماری خۆی لە ئێکس ڕایگەیاند: "لە ئێستادا شوێنی ڕووداوەکە کۆنترۆڵ کراوە و، ئەنجامدەری ھێرشەکە کە بە تەنیا کاری کردووە، لەچالاکی خراوە".
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ھەواڵەکانی ڕاگەیاندنی ئەمریکی کە پشتیان بە زانیاری پۆلیسی نیویۆرک بەستووە، ئاماژە بەوە دەکەن ئەنجامدەری ھێرشەکە لە نھۆمی ٣٣ی باڵەخانەیەک لە شەقامی پارک خۆی کوشتووە.
ھاوکات پۆلیسی نیویۆرک زانیاری لە بارەی خۆکوشتنی ئەنجامدەری ھێرشەکە پشتڕاست کردەوە.
ئاماژە بەوە کرا کە ئەنجامدەری ھێرشەکە ناوی شاین تامورایە و پێشتر تۆماری کێشەی دەروونی ھەبووە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن