جيهان

لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئەلبارس لە بارەی دۆخی غەززە و ئۆکراینا

"بەداخەوە تا ئێستا بینیمان کە ھەڵوێست و لێدوانی ئەخلاقی ناتوانن ئەو ھێرشەی ئیسرائیل ڕابگرن کە ھیچ ئامانجێکی سەربازی نییە جگە لە وێرانکردن و ئازاردانی هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستین. کاتی ئەوە ھاتووە یەکێتیی ئەورووپا کارێک بێت".

Şenhan Bolelli  | 05.09.2025 - نوێکردنەوە : 05.09.2025
لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئەلبارس لە بارەی دۆخی غەززە و ئۆکراینا

Madrid

مەدرید - AA

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، خوسێ مانوێل ئەلبارس ئاماژەی بەوە کرد یەکێتیی ئەورووپا کە تا ئێستا کاری زۆر کەمی کردووە و زۆر درەنگ کەوتووە بۆ ڕاگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە بکەوێتە خۆی و کارێک بکات.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەلبارس وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە پێشھاتەکانی غەززە و ئۆکراینا دایەوە.

ئەلبارس جەختی لەوە کردەوە ئیسپانیا بەردەوام دەبێت لە پێشەنگی بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا ھەنگاوی بەرجەستە بنێت بۆ ڕێگریی کردن لە جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە و، ڕایگەیاند: "بەداخەوە تا ئێستا بینیمان کە ھەڵوێست و لێدوانی ئەخلاقی ناتوانن ئەو ھێرشەی ئیسرائیل ڕابگرن کە ھیچ ئامانجێکی سەربازی نییە جگە لە وێرانکردن و ئازاردانی هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستین. کاتی ئەوە ھاتووە یەکێتیی ئەورووپا کارێک بێت".

هەروەها ئەلبارس ڕەخنەی لە بێدەنگیی یەکێتیی ئەورووپا گرت لە بارەی ئەو ڕووداوانەی لە غەززە ڕوودەدەن و، ڕایگەیاند: "یەکێتیی ئەورووپا بۆ ڕاگرتنی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کاری زۆر کەمی کرد، زۆر درەنگ کەوت. ناتوانم لەوە تێبگەم، چونکە هەمان ئەو بنەمایانەی لە ئۆکراینا ڕوودەدەن، ھەمان یاسای نێودەوڵەتییە، ھەمان نەبوونی پاراستنی هاووڵاتی مەدەنیە، ھەمان ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان، شوێنە ئاینییەکان، بنکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا ئەو شارانەی هاوولاتی مەدەنی تێدا دەژین و بیناکانی، ھەموو ئەمانە لە غەززەش دەبینرێن. یەکێتیی ئەورووپا ئەمەی دەزانی و ئیسپانیاش لە سەرەتاوە ئەمەی دەزانی. دەیزانی چۆن دەنگی بەرز بکاتەوە، ڕووداوەکان بە ناوی خۆیانەوە ناوببات و لە ھەموو شتێک گرنگتر دەیزانی چۆن ڕێوشوێنی بەرجەستە بۆ ڕاگرتنی جەنگی گوشار لە ئۆکراینا بگرێتەبەر. بەڵام لە غەززەدا ئامادەییەکی ئەورووپا بوونی نییە".

بە ئاماژەدان بە ئەڵمانیا، ئەلبارس باسی لەوە کرد دەزانن هەندێک وڵات لەناو یەکێتیی ئەورووپادا پەیوەندییەکی مێژوویی جیاوازیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و، ڕایگەیاند: "بەڵام هیچ لەو ڕێوشوێنانەی ئیسپانیا لەو پلانی کردارەی پێشکەشی کردووە، دژی گەلی ئیسرائیل یان جووەکان نین. بەڵکو ڕێوشوێنەکان لایەنگری یاسای نێودەوڵەتیی و لانی کەم لایەنگری مرۆڤایەتین و لایەنگری کۆتاییهێنانن بەم شێتی و بەربەریە، چونکە ئەورووپا ناتوانێت دوو تەرازوو و دوو پێوەری هەبێت. پێویستە هەوڵ بدەین و کارێک بکەین، دڵنیام زوو یان درەنگ کارێک دەکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا دەستپێشخەرییەکی هاوبەش لە نێوان تورکیا و ئیسپانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە دەبێت یان نا، ئەلبارس ڕایگەیاند: "تورکیا و ئیسپانیا دوو وڵاتی دۆست و دوو هاوبەشی ستراتیجین. باوەڕمان بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و یاسای نێودەوڵەتیی هەیە. بێگومان لەگەڵ هاوتاکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا (هاکان فیدان) لە پەیوەندیدام و زوو زوو گفتوگۆ دەکەین دەربارەی چۆنیەتی باشترکردنی دۆخی غەززە. بێگومان ئیسپانیا لە پاڵ دۆست و هاوپەیمانەکانیدا دەبێت لە هەر شتێکدا کە پشتیوانی لە ئاشتیی بکات، پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بکات و ئەم چارەسەرە دوو دەوڵەتییە بکاتە ڕاستیی".

سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و دانوستانەکانی نێوان سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە هیچ ئەنجامێکی نەبوو، ئەلبارس ڕایگەیاند: "ئۆکراینا و یەکێتیی ئەورووپا دەبێت لە هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی ئاشتییدا بەشدار بن، چونکە ئاسایشی ئۆکرانیا و لە هەمان کاتدا بەها دیموکراتییەکان پەیوەندییەکی نزیکیان بە ئەورووپا و ئاسایشمان و بەهاکانمانەوە هەیە. پێویستمان بە ئارەزوویەکی ڕاستەقینە هەیە لەلایەن ڕووسیاوە بۆ ئاشتیی".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın