جيهان, قودس هێڵی سووری موسڵمانان

دەرکەوت کە گوتەبێژەکەی ناتانیاهو زانیاری ناڕاستی لەبارەی کەرتی غەززە بڵاوکردووەتەوە

-ئەو دیمەنەی ئۆفیر گێندلمان بڵاویکردەوە کە گوایە حەماس لە ناوچەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانەوە لە کەرتی غەززە مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکات، دەرکەوت ساڵانێک پێش ئێستا لە سووریا تۆمارکراوە.

Mustafa Deveci  | 15.05.2021 - نوێکردنەوە : 18.05.2021
دەرکەوت کە گوتەبێژەکەی ناتانیاهو زانیاری ناڕاستی لەبارەی کەرتی غەززە بڵاوکردووەتەوە

Quds

قودس - AA

گوتەبێژی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئیسرائیل، ئۆفیر گێندلمان، بەمەبەستی خستنەڕووی زانیاریی ناڕاست سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، دیمەنێکی بڵاوکردەوە کە ساڵانێک لەمەوبەر لە سووریا تۆمارکراوە، لە دوای کاردانەوەکانیس دیمەنەکەی سڕیەوە.

گێندلمان کە بەرپرسی کاروباری میدیای عەرەبی ناتانیاهووە، لە ١١ی ئایاردا دیمەنێکی لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە کە لە باڵەخانەیەکەوە مووشەک ئاراستە دەکرێت.

بەو بڵاوکردنەوەیە، گێندلمان بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە ئەو دیمەنە لە کەرتی غەززە تۆمارکراوە و تیایدا حەماس لە ناوچەی نیشتەجێبوونی چڕی هاووڵاتیانەوە مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکات.

دوای بڵاوکردنەوەی دیمەنەکە دەرکەوت کە ئەو دیمەنە لە سووریا تۆمارکراوە و لە ساڵی ٢٠١٨دا خراوەتە ماڵپەڕی یوتوبەوە.

لە پاش کاردانەوەکان، گێندلمان پەیامەکەی سڕیەوە کە زانیاری ناڕاستی تێدا بڵاوکردبووەوە.

ئیسرائیل، لە ١٠ی ئایارەوە تا ئێستا، کەرتی غەززەی گەمارۆدراو بۆردومان دەکات کە دوو ملیۆن فەڵەستینی تێدا دەژی.

بە پێی ئەو زانیارییەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا ١٣٧ کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە شەهیدبوون کە ٣٧ یان منداڵ و ٢٢شیان ژنن، ٩٥٠ کەسیش برینداربوون.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın