خامنەیی: "ئەمریکا دەستپێشخەری جەنگ بێت، ئەمجارە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە"
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
ڕابەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا دەستپێشخەری جەنگ بێت، ئەمجارە جەنگەکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.
بە پێی هەواڵێکی تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران، بە بۆنەی یادی ٤٧ ساڵەی شۆڕشی ئێرانەوە، خامنەیی لە تارانی پایتەخت گوتارێکی پێشکەش کرد.
خامنەیی ڕایگەیاند، "ئەمریکاییەکان ئەوە بزانن کە ئەگەر جەنگێک دەست پێ بکرێت، ئەوە ئەمجارە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە".
عەلی خامنەیی ڕاشیگەیاند، باسکردن لە جەنگ و هێنانی کەشتی و فڕۆکە جەنگییەکان بۆ ناوچەکە لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە، بابەتێکی نوێ نییە و گوتیشی، "لە ڕابردووشدا ئەمریکاییەکان چەندین جار ئەو هەڕەشانەیان کردووە کە، 'هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن' و جەنگیش یەکێکە لە بژاردەکان".
ڕابەری باڵای ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان جەنگیان ناوێ و دەستپێشخەریش نابن بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک و گوتی: "گەلی ئێران کەسێک کە بیهەوێ زیانی پێ بگەیەنێت و هێرشی بکاتە سەری، ئەوە زۆر بە تووندی وەڵامی دەداتەوە".
لەبارەی ناڕەزایەتییەکانیش لە ئێران، عەلی خامنەیی ڕاگەیاند، "ئەو فیتنەیەی کە ڕوویدا، بە کودتایەک دەچوو. هەڵبەت کودتاکە سەرکووت کرا. ئامانجیان تێکدانی ناوەندەکانی هەستیار و کاریگەر لە کارگێڕی وڵات بوو. هەر بۆیەش ئەوان هێرشیان کردە سەر پۆلیس، دامودەزگاکانی دەوڵەت، بنکەکانی سوپای پاسداران، بانکەکان و مزگەوتەکان و قورئانیان دەسووتاند. ئەوان هێرشیان کردە سەر ئەو شوێنانەی کە وڵات بەڕێوەدەبەن. ئەو هاوشێوەی کودتایەک بوو".
