پەیامی سەرکۆمار ئەردۆغان بەبۆنەی ١٠ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی مافەکانی مرۆڤ
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ئەو جینۆسایدەی تیایدا زیاتر لە ٧٠ هەزار هاووڵاتی غەززە گیانیان لەدەستدا، نیشانەی تێکچوونێکی گەورەی ئەو بەهایانەیە کە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا باسکراون".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەو جینۆسایدەی تیایدا زیاتر لە ٧٠ هەزار هاووڵاتی غەززە گیانیان لەدەستدا، نیشانەی تێکچوونێکی گەورەی ئەو بەهایانەیە کە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا باسکراون".
لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی ١٠ی کانوونی یەکەمی ڕۆژی مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان بەبۆنەی ٧٧هەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە هەر تاکێکی خێزانی مرۆڤایەتی، بەتایبەتی نەتەوەی تورک کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد ئەم بەڵگەنامە گرنگە، کە نوێنەرایەتی بەها و دەسکەوتە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی دەکات، تا ئەمڕۆش تایبەتمەندی پابەندبوونی جیهانیی خۆی پاراستووە، کە مافە سروشتییەکانی هەر تاکێک دەپارێزێت، لەگەڵیشدا یاسا و بنەماکانی ناو جاڕنامەکە لە زۆر ناوچەی جیهاندا پێشێل دەکرێن و چەمکەکانی وەک ئاشتیی و دادپەروەریی بەردەوام بەهای خۆیان لەدەست دەدەن.
"ئەو ستەمکارییە گەورەیەی لە غەززە و خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ڕووبەڕووی دەبینەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، بەداخەوە هێشتا بەردەوامە" سەرکۆمار ئەردۆغان وای گوت و، ڕایگەیاند: "ئەو جینۆسایدەی تیایدا زیاتر لە ٧٠ هەزار هاووڵاتی غەززە گیانیان لەدەستدا، نیشانەی تێکچوونێکی گەورەی ئەو بەهایانەیە کە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا باسکراون. ڕێگای گەیشتن بەئاشتی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە غەززە، بە بەهێزکردنی ئەو ئاگربەستەی بە بەشداری وڵاتەکەمان بەدیهات و، جێبەجێ کردنی مۆدێلی چارەسەری دوو دەوڵەتییدا تێدەپەڕێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی کلتووری، دوژمنایەتیی ئیسلام و دژایەتی کردنی بیانییەکان، لە ڕووی پاراستنی بنەماکانی ناو جاڕنامەکەوە زۆر گرنگە.
ڕاشیگەیاند: "وەک تورکیا بەو میراتە بەهێزەی لە مێژوومانەوە وەرمانگرتووە، بەبێ جیاکاریی زمان، ڕەگەز و بنەچە بەردەوام دەبین لە بەرگریی کردن لە ماف و شکۆی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی لە جوگرافیاکەماندا، لە بەرزترین ئاستدا هاوکار دەبین لە ئاشتیی و ئاسایشی جیهانییدا. لە هەمان کاتدا پێداگرانە هەنگاوەکان دەنێین بۆ ڕزگارکردنی نەتەوەکەمان بۆ هەمیشە لە بەڵای تیرۆر، کە نزیکەی نیو سەدەیە هەزاران کەسمانی کردووەتە قوربانیی و ڕێگای پێشکەوتن و سەقامگیرییمان سست دەکات. سەرەتا دەگەینە ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر'، پشتیوان بە خودا دواتریش بە دڵنیاییەوە دەگەینە ئاواتی 'ناوچەی بێ تیرۆر'، کە لە چەقەکەیدا گەشەپێدان، هاودەنگیی، هاریکاریی و ئاسوودەیی بوونی دەبێت. لەمەدا پێداگرین، پشوودرێژین، ڕاستگۆین. بەم بۆچوونانەوە پیرۆزبایی ١٠ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەکەمان، براکانمان و تەواوی مرۆڤایەتی دەکەم و، لە ناخی دڵەوە هیوادارم ئەم ڕۆژە گرنگە ئاشتیی، ئارامیی، سەقامگیریی و دادپەروەریی بۆ سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی غەززە، فەڵەستین و سوودان بەدی بهێنێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
