سەرکۆمار ئەردۆغان: "ئەرکی سەرەکی هونەر، شوێنکەوتنی ڕاستییە"
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لە دەرهێنەری فەڵەستینی و دەرهێنەری فیلمی (No Other Land خاکی دیکە نییە)، باسل عەدرە کرد کە باس لە خەباتی ژیانی فەڵەستینییەکان دەکات و، خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە.
دیدارەکە لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار لە دۆڵماباهچە بە داخراوی بەڕووی ڕاگەیاندەکاندا بەڕێوەچوو.
سەرکۆمار ئەردۆغان، پیرۆزبایی لە عەدرە کرد بە بۆنەی ئەو خەڵاتانەی بەڵگەفیلمی "خاکی دیکە نییە" بەدەستیهێناون.
ڕاشیگەیاند: "منیش لە گوتارەکانمدا بۆ ڕای گشتیی جیهانی بە پشتبەستن بە بیرۆکەی 'یەک وێنە بەهای هەزار وشەیەی هەیە' بەتایبەتی گرنگی بەوە دەدەم کە دۆزی فەڵەستین لە ماوەی ساڵاندا بە نەخشە و وێنە نیشان بدەم کە لە کوێوە و گەیشتووەتە کوێ. لە ڕێگەی هونەرەکەتانەوە سەرنج خستنە سەر فراوانخوازیی بەردەوامی ئیسرائیل لە دوای کارەساتی "نەکبە"وە تا ئێستا، بە بەهایەکی زۆر گەورەی دەزانم. بەداخەوە ڕاستییەک هەیە کە لە کەرتی سینەمادا بەپێی پێویست کار لەسەر کارەساتی گەلی فەڵەستین ناکرێت. بێگومان پێکهاتەی لایەنگری ئیسرائیلی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەم کەرتە هەیە. ئێوەش بە ناشرینترین شێوە ڕووبەڕووی ئەم دۆخی سانسۆرە بوونەتەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەرکی سەرەکی هونەر، شوێنکەوتنی ڕاستییە و، ڕایگەیاند: "بەڵگەفیلمەکەتان 'خاکی تر نییە' کە لە زۆر بۆنەی نێودەوڵەتییدا خەڵاتی وەرگرتووە، بە زۆر گرنگ دەزانم بۆ بەئاگاهێنانەوەی ویژدانی جیهانی. پێشنیارتان بۆ دەکەم بەردەوام بن لە کارکردن بۆ درێژەدان بەو پشتگیرییە جەماوەرییەی بەدەستهێنراوە و دوورنەکەوتنەوەی سەرنجەکان لە فەڵەستین".
