هاکان فیدان: "ئیسرائیل بە بەکارهێنانی دەمامکی ئاسایش هەوڵی بەدەستهێنانی زەویی زیاتر دەدات"
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان: "ئەمریکا کە زۆرترین ئامڕازی گوشاری هەیە بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل، بەپێی پێویست ئەمە بەکاریناهێنێت".

Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد ڕاستییەک لە ئارادایە کە جیهان بە جینۆساید پێناسەی دەکات و پشتی بە ڕاستییەکان بەستووە و، ڕایگەیاند: "لە ڕاستییدا ئەوەی ئەم پیاوە (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو) هەوڵی دەدات ئەنجامی بدات، شاردنەوەی ئەو جینۆسایدەیە کە خۆی ئەنجامی دەدات و هیچی دیکە نییە".
لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆ کەناڵی TGRT Haberدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، باسی لە بابەتەکانی ڕۆژەڤ کرد و، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
فیدان ڕایگەیاند: "ئیدی ڕاستییەک لە ئارادایە کە هەموو جیهان، نەک لەبەر هەست یان هۆکاری ئایدیۆلۆجی، بەڵکو لەبەر ڕاستییەک کە پشتی بەستووە بە ڕاستیی بە جینۆساید پێناسەی دەکات. لە ڕاستییدا ئەوەی ئەم پیاوە (ناتانیاهو) هەوڵی دەدات ئەنجامی بدات، شاردنەوەی ئەو جینۆسایدەیە کە خۆی ئەنجامی دەدات و هیچی دیکە نییە".
گوتیشی: "ئەم شێتییە مێژووییەی ناتانیاهو و هاوڕێکانی دەینوێنن، ئێستا دووبارەکردنەوەی ئەو شێتییەیە کە خۆیان ٦٠-٧٠ ساڵ پێش ئێستا ئیدانەیان کردووە کە شێتیی هیتلەرە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی غەززە و کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە شاری جددەی سعوودیە، فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی فەڵەستین و ئەو جینۆسایدەی دوو ساڵە لە غەززە دەگوزەرێت، تەنیا برینی گەلەکەمان نییە، بەڵکو برینی خوێناوی و ئازاربەخشی هەموو موسڵمانان و هەموو جیهانە و بۆتە لێپرسینەوەیەکی ویژدانیی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، باسی لەوە کرد کە دیدی سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و ئەو چالاکییانەی ئەنقەرە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەنجامی دەدات، ڕیتۆریک و زمان و گێڕانەوەی پەیوەست بە پرسی فەڵەستین گۆڕیوە و، گوتی: "ئەو چەواشەکارییەی لەبارەی پرسی فەڵەستین و پارێزبەندیی ئیسرائیل دروست بووبوو، کە لەلایەن بازنەکانی ئیسرائیلەوە دروست کرابوو، نەما و پەرتەوازە بوو".
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو جیهان دەزانێت ئامانجی ڕاستەقینەی ئیسرائیل هەرگیز پاراستنی ئاسایشی خۆی نەبووە، بەڵکو بە بەکارهێنانی دەمامکی ئاسایش هەوڵی بەدەستهێنانی زەویی زیاتر دەدات، ئەمە ئێستا ئاشکرا بووە.
گوتیشی: "ئێستا ئێمە دەبینین جیهان لە پرسی فەڵەستین و ئەو سیستمی جیهانییەی لە ڕێگەی فەڵەستینەوە لەلایەن سیستمێکی گەورەتری زایۆنییەوە گەمارۆ دراوە، چۆن ڕووبەڕووی چارەسەرییەکان دەبێتەوە. لە ڕاستیدا شایەتحاڵی قۆناغێکی مێژوویین''.
هاکان فیدان ئەوەیشی خستەڕوو کە پێویستە وانە لە مێژوو وەربگیرێت و، گوتی: "ئیسرائیلییەکان دەوڵەتیان هەیە، دەوڵەتەکەمان زۆر پێش ئێستا دانی پێداناوە. بەڵام ئەوە زۆر ڕوونە کە ئیسرائیل بە دەرچوون لە سنوورەکانی ١٩٦٧ کە پێی دراوە، بەدوای فراوانخوازیی و داگیرکارییەوەیە".
سەبارەت بە سووریا، فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە نیگەرانییەکانیان لە بارەی تێکدانی یەکێتیی، ئارامیی، ئاسایش و شیرازەی سووریا بەردەوام دەبێت و، ڕایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستە فراوانخوازییەی ئیسرائیل نیشانی دەدات، هەڵوێستی سەبارەت بە سووریا، بەتایبەتی هەڵوێستی حکوومەتەکەی ناتانیاهو، جێگەی قبوڵ نییە. ئەو پێکهاتەیەی ئێمە نیشانمان داوە کە زیاتر مرۆڤدۆستانە و جیهانییە، ئارامیی و ئاسایشی هەموو کەسێک لەبەرچاو دەگرێت زۆر گرنگە. ئەوەی هەندێ گرووپی ناوخۆیی، ئەو گوشارە ئۆپەراسیۆنییەی ئیسرائیل لە هەفتەکانی ڕابردوودا نیشانی دا، وەک دەرفەتێک بۆ خۆیان دەبینن و لەمەوە زمانێکی سیاسیی جوداخواز بەرهەم دەهێنن، دروستکردنی مۆدێلی کەمینەی پشتبەستوو بە دەرەوە لە جێگەی ئەوەی پێکەوە داهاتووی سووریا دابمەزرێنن، بەدبەختییەکی گەورەیە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چۆنیيەتی خوێندنەوەی پەیامەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان کە دەڵێت "کاتێک شمشێر لە کێلان دێتەدەر، جێگا بۆ قەڵەم و وشە نامێنێت"، فیدان ڕایگەیاند: "ڕابردوویەکی سەختمان هەبوو. ساتەوەختێکی سەختمان هەیە. ئەگەری هەیە داهاتوویەکی سەختیشمان هەبێت. تا ئەو کاتەی دوژمنایەتیی ئێمە نەکرێت، خاوەنی شارستانییەت و پێکهاتەی دەوڵەت و کلتوورێک نین لەبەر هیچ هۆکارێک دژایەتی هیچ قەوارەیەکی سیاسی و گرووپ و کەسێک بکەین. ئێمە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتێکی دیکە دروست ناکەین، مەگەر دەوڵەتێکی دیکە مەترسی لەسەر ئێمە دروست بکات. وەڵامی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ئەو کاراکتەرانە بکەینە ئامانج چ دەوڵەت یان نادەوڵەت، کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و خۆشگوزەرانیی و ئاشتیی تورکیا دەدەن".
فیدان ئاماژەی بەوەیش کرد کە سەرکۆمار ئەردۆغان هەستیارییەکی زۆری هەیە لەبارەی پرسە ئەمنییە نەتەوەییەکان و، گوتی: "کاتێک لەودیو سنوورەکانمان هەڕەشە دروست دەبێت، ئێمە نایەین لێرە چاوەڕێ بکەین و بێت لێرە لێمان بدات. پێویستە ئێمە بچینە ئەودیوی سنوور".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن