
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند کاتێک دڵەکان یەکبوون، سنوورەکان نامێنن. وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە.
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە ٣٢هەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "کاتێک دڵەکان یەکبوون، سنوورەکان نامێنن. وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە. بە ڕوونی ئەوە دەڵێم، وەک هاوپەیمانی جومهوور لە ئاکپارتی و پارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی و دەم پارتی، بە یەکەوە ئەو قۆناغە دەبەینە پێشەوە".
ئەردۆغان وێرای ئاماژەدان بە دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵمووش، گوتی: "پێم وایە پشکی بەهێزی ئەو قۆناغە دەکەوێتە سەر پەرلەمان کە ڕۆڵێکی هەستارە. لەبارەی ئەم قۆناغەوە لەگەڵ خوالێخۆشبوو براکەمان سڕی سورەیا و هەفتەی ڕابردووش لەگەڵ خاتوو پەروین بوڵدان و میتهات سانجارەوە کۆبووینەوە و قسەمان کردووە. قسەمان لەوە کرد کە چۆن بەیەکەوە دەتوانین ئەو قۆناغە ببەینە پێشەوە. کەواتە دەبێ و شتی زۆر جوانتریش دەبێت".
- پێویستە برایانی کوردی ئێمە لە سووریا لە ئارامی، ئاشتی و ئاسایشدا بژین
سەرکۆمار ئەردۆغان هیوای خواست کە بە هێز و زۆرترین بەشداری و ڕۆڵێکی بونیادنەر و ئاسانکارەوە، لە پەرلەمان ئەم قۆناغە بە خێر تێپەڕ ببێت و پشتیوانکەری هەبێت و گوتی: "لێرە بە هەموو دڵسۆزییەکمەوە دەمەوێ بڵێم، نەک تەنیا پرسی ھاووڵاتیانی کوردمان، بەڵکو پرسی برا کوردەکان لە عێراق و سووریا پرسی ئێمەیە. لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەین، ئەوانیش زۆر دڵخۆشن. گۆڕانکارییەکان لە تورکیا و بە تایبەتیش هەنگاوەکەی دوێنێ بوو بە هۆی ئەوەی کە لە عێراقە دەنگی زۆر جۆراوجۆر بێن. پێویستە برایانی کوردی ئێمە لە سووریا لە ئارامی، ئاشتی و ئاسایشدا بژین".
ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدان بە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هاوکات نێردەی ئەو وڵاتە بۆ سووریا، تۆم باراک، گوتی: "ئەوانیش لە سووریا کۆبوونەوە و دانیشتنی جۆراجۆریان هەبوو، پەیامەکانی لە سووریاوە زۆر ئەرێنی و جێی دڵخۆشی ئێمە بوو".
- کۆماری تورکیا بەهێزتر لە ڕابردووی خۆی دەبێت
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی سووریا و ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا.
سەرکۆماری تورکیا وێرای ئاماژەدان بەوەی کە لەوێش دەفتەری تیرۆر کۆتایی پێ دێت و برایەتی، یەکێتی و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی براوە دەبێت، گوتی: "لە ئێستادا وەک هاوپەیمانی جومهوور لە ئاک پارتی و پارتی جووڵانەوەی نەتەوەیی و دەم پارتی بڕیارمان داوە ئەم قۆناغە بە هێزەوە ببەینە پێشەوە. دەردەدارین، بەو پێیەش مادام دەردەدارین پێویستە دەست بدەینە دەستی یەکتر و پشتیوان بە خوا کۆسپەکان لەسەر ڕێ لابدەین. دەبێ هەموو کەس ئەوە بزانێ کە، مەرج نییە مشتەکان توند بکرێن. دەست لە ناو دەست، یەکتر لە ئامێز دەگرین، قسە دەکەین و بەرەوپیری یەکتر هەنگاو دەنێن".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی، دەست لە ناو دەست و بە دڵەوە سەدەی نوێی تورکیا بونیاد دەنێین و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لەگەڵ کۆتایی پێهاتنی تیرۆر، کۆماری تورکیا بەهێزتر دەبێت و لە ڕابردووی خۆی زۆر زیاتر بەهێزتر و متمانەبەخۆتر دەبێت. وزەی خۆمان لەسەر ئەرکە سەرەکییەکەمان چڕ دەکەیەنەوە. سەرچاوەکانمان نەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەڵکو بۆ پەرەپێدان، ئاسایش و خۆشگوزەرانی تورکیا بەگەڕ دەدەین. تورکیا بە برایەتی بەهێز دەبێت و تورکیا بە دیموکراسی گەشە دەسێنێت. تورکیا بە سەقامگیری و ئاسایشەوە بەرەو داهاتوو دەڕوات. دەمەوێ ئەوەش بە ڕوونی بڵێم، هەر یارمەتییەک پێویست بکات لەو قۆناغە پێشکەشی ئەوانە دەکەین كە یارمەتیدەرمان بوون. دەرگامان بەڕووی ئەوانەدا کردووەتەوە کە دەیانەوێ ڕزگاریان بێت، دۆخەکە پێچەوانە بکرێتەوە، ئەوە ئێمەش ئەوەی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین".
- دەستی دایکان و باوکانی شەهید ماچ دەکەم
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە پێویست بە نیگەرانی ناکات و گوتیشی: "تورک لە دوێنێوە زیاتر لە ئاسایش دایە. زۆر بەهێزتریشە. کورد و عەرەب لە دوێنێوە زۆر زیاتر لە ئاسایش دان. زۆر زیاتریش بەهێزن. کردنەوەی برینەکان دەزانم زۆر ئاسان نییە. پشتگوێ خستنی بیرەوەرییە تاڵەکانیش هەڵبەتە دەزانم زۆر سەختە. بێگومان ئەوانەی لە دەستمانچوون ناگەڕێنەوە، بەڵام پشتیوان بە خودا جارێکی دیکە گەنجەکانمان لە بەھاری تەمەنیاندا جێمان ناھێڵن. پەنا بە خوا چیتر فرمێسکی دایکان ناڕژێت و دەردی جگەرگۆشەکانیان ناچێژن".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، هەتا ئەمڕۆ زۆر کێشەیان تێپەڕاندووە و زۆر سەختییان بڕیوە هەتا گەیشتوونە ئەم خاڵە و گوتی: "برینەکانمان ساڕێژ دەکەین، زۆر بەھێزتر و زۆر پێداگرانەتر بەردەوام دەبین لەسەر ڕێگاکەمان. وەک وڵات و گەل بە زیادەوە خاوەنی ئەو متمانە بەخۆبوونە و ئیرادەیەین. بەبێ ئەوەی کەس ئازاری بدەین، دڵتەنگ بکەین یان بشکێنین، ئاسانکاری دەکەین بۆ ئەوەی کارەکە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ھەستیاریی پرۆسەکەدا بە خێرایی بە ئەنجام بگات، لە ڕێگەی ئەو میکانیزمەی دانراوە بە هەستیاریی و وریاییەوە چاودێری ڕادەستکردنی چەکەکان دەکەین. دەستی دایکان و باوکانی شەھید ماچ دەکەم، ھیچ کەسێک ناتوانێت دەست بۆ یادەوەری بەنرخی شەھیدەکانمان درێژ بکات و، میراتەکەیان لەکەدار بکات. بەڵێ، دڵنیابن بەو خاڵەی پێیگەیشتووین ئامانجی شەھیدەکانمان بەدیهاتووە. برا جەنگاوەرەکانم دڵنیابن بەو خاڵەی پێیگەیشتووین قوربانیدانتان بە ئامانج دەگات. شەھیدەکانمان تورکیایان گەیاندە ئێرە، جەنگاوەرەکانمان گەیاندیانە ئێرە، سوپاسگوزاری ھەریەکێکیانین و، ھەرگیز ڕێگە نادەین یادیان پێشێل بکرێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ بگوترێت، مەهمەت ئاکیف ئەرسۆی ١٠٤ ساڵ لەمەوبەر مژدەی لە بارەوە داوە، هەروەها چەند دێڕێک لە سروودی نیشتمانیی خوێندەوە کە دەڵێت: "ئەی مانگی هیلالی شکۆدار کە وەک ڕووناکیی بەرەبەیان دەدرەوشێتەوە، با ئیدی ئەو خوێنەم کە ڕژاوە حەڵاڵ بێت. بۆ ھەتاھەتایە لەناوچوون نییە نە بۆ تۆ نە بۆ ڕەگەزی من. ئازادی مافی ئاڵاکەمە کە بە ئازادی ژیاوە، سەربەخۆیی مافی گەلەکەمە کە خوا دەپەرستێت".
ئەردۆغان هیواشی خواست خوا ڕێگەیان بۆ بکاتەوە و بەختەوەرییان بە نسیب بێت و گوتی: "پێویستە پێزانینی خۆم ئاراستەی سوپای قارەمان تورکیا بکەم کە ئێوە ئەمڕۆ گەیاندە ئێرە، یەکەکانی پۆلیس، جەندەرمە، ئاسایشی کەنارئاوەکان و پارێزەرانی ئاسایشی کە لە هێڵی یەکەمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوون، قارەمانە بێ ناو و نیشانەکانمان لە دەزگای هەواڵگریی و کەمئەندامانی بەڕێزمان و کەسوکاری بەرێزی شەهیدان و گەلە ئازيزەکەم کە سەرەڕای نیودەسە چێشتنی ئازارەکان، رێگەیان نەدا برایەتی سەر ئەم خاکە لەکەدار بکرێت".
ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەناخی دڵمەوە سوپاسی سەرۆکی گشتی پارتی جووڵانەوەی نەتەوەیی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دەکەم، شاندی دەم پارتیش کە بە هۆشیارییەوە لە قۆناغەکە خاوەن دەرکەوتن و بە تایبەتیش خوالێخۆشبوو سڕی سوورەیا ئۆندەر و پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە سەرەڕای ئەوەی جیاوازی هەبوو لە نێوانماندا، دووربینیان کرد و لەبارەی ئەم پرسە نیشتمانییەوە هەڵوێستیان هەبوو. دامەزراوە میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسان و ئەوانەی ناویان لە لامان پارێزراوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە ناخی دڵمەوە سوپاسیان دەکەم. لێرەوە سوپاسی خۆم ئاراستەی حکوومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردی عێراق دەکەم".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن