ئابووری, عێراق

پسپۆڕی بواری وزە گۆڤەند شێروانی: "هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێک لە پێداویستییەکانی ئەورووپا بۆ غاز دابین بکات"

Heman Hussein Yaseen  | 31.01.2023 - نوێکردنەوە : 02.02.2023
پسپۆڕی بواری وزە گۆڤەند شێروانی: "هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێک لە پێداویستییەکانی ئەورووپا بۆ غاز دابین بکات"

Arbil

هەولێر - AA

پسپۆڕی بواری وزە، دکتۆر گۆڤەند شێروانی رایگەیاند کە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غازی سروشتیی لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە و رەنگە ئەو کاتیش دەرفەتی هەناردەکردن هەبێت بۆ وڵاتانی دیکە.

دکتۆر گۆڤەند شێروانی لەبارەی قەیرانی غازی سروشتی لە جیهاندا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەئێستادا غازی سروشتی بووەتە قەیرانێکی جیهانیی بەتایبەت لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا، چونکە رووسیا گەورەترین هەناردەکاری غاز بوو بۆ ئەورووپای رۆژئاوا، بەڵام دوای تێکچوونی پەیوەندییەکان و بڕینی غازی سروشتی لە ئەورووپا، فشارێکی زۆر کرا و گرنگییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی، بۆیە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری هایدرۆکاربۆن بەشێوەیەکی گشتیی جەخت لەسەر پەرەپێدان و وەبەرهێنانی یەدەگی غازی سروشتیی دەکەنەوە".

گوتیشی: "بە بەراورد بە پێش ساڵی ٢٠٢٠، نرخەکان نزیکەی چوار هێندە بەرزبوونەتەوە، ئەوەی کە گرنگە بزانین ئەوەیە کە عێراق بۆخۆی وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی و رەنگە لە ریزبەندی هەشتەم یان نۆیەم بێت لەسەر ئاستی جیهاندا".

پسپۆڕی بواری وزە، دکتۆر گۆڤەند شێروانی لەبارەی یەدەگ و ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە عێراق، گوتی: "کۆی یەدەگی غازی سروشتی لە عێراقدا، نزیکەی ١٢٠ ترلیۆن پێی سێجایە. لە هەرێمی کوردستان رەنگە لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ترلیۆن پێی سێجا بێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان لە چوار بۆ پێنج کێڵگەدا غازی سروشتی بەرهەم دەهنێرێت و بەتایبەتی کۆرۆمۆ زۆرترین کاری لەسەرکراوە و لە قۆناغی بەرهەمهێناندایە، ئێستا بەرهەمهێنانەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیماراتی بەڕێوەدەچێت، نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن پێی سێجا رۆژانە بەرهەم دەهێنێت کە ئەمەش قەبارەیەکی باشە، کێڵگەکانی دیکە جارێ نەگەیشتوونەتە قۆناغی بەرهەمهێنان".

گوتیشی: "ئەولەویەتی حکوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بریتییە لە بەکارهێنانی ئەم غازە بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، چونکە تێچووی کەمتر دەبێت، هەروەها کولفەی لەسەر هاووڵاتیی کەمتر دەبێت بەقەدەر یەک لەسەر سێ، ئەگەر هەندێک غازی زیاتریش مایەوە، ئەوا دەرفەت دەبێت بۆ هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، بە بۆچوونی منیش ئەم پڕۆسەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو دەبێت".

لەئێستادا بەهۆی پێداویستی ناوخۆ و وەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا، دەرفەتی هەناردەکردنی غازی سرووشتی نییە، بەڵام بەبڕوای دکتۆر گۆڤەند شێروانی لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بەهۆی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، دەرفەتی هەناردەکردنی غازی سروشتی دەبێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێستا بەهۆی بەکارهێنانی لە ناوخۆدا، ناتوانرێت غاز هەناردە بکرێت، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان گەیشتوونەتە ئەوەی کە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە ٤٠٠ ملیۆن پێی سێجا بگاتە هەزار ملیۆن پێی سێجا، واتا یەک ملیار پێی سێجا، رەنگە ئەوکاتە دەرفەتی ئەوەی هەبێت نیوەی بڕی بەرهەمهاتوو هەناردەی دەرەوە بکرێت".

گوتیشی: "تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش زۆر جەخت کراوەتەوە لەسەر بابەتی نەوت و گرنگییەکی کەمتر دراوە بە غازی سروشتی، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا لە جیهان وا دەرکەوت کە جێگرەوەی نەوت لە ئایندەدا بریتییە لە غازی سروشتی هەر بۆیە ئێستا لە عێراقیش دەستیان کردووە بە پەرەپێدان بە کێڵگەکان، چونکە عێراقیش پێویست ناکات هاوردەی غاز بکات بەڵکو ئەو یەدەگەی هەیە بەشی هەموو پێداویستییەکان دەکات، ئەوەی گرنگە کە ژێرخانێکی تایبەتی دەوێت کە جیاوازە لەگەڵ ژێرخانی نەوت، بۆیە ئێستا تۆزێک کەمی هەیە، ئەوەی دیکەش رەنگە وەک ئەولەویەت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بەکاربێت".

بەهۆی کەمی غاز لە وڵاتانی ئەورووپا، پێدەچێت چاوەکان زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان بێت بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی لە هەرێمەوە بۆ ئەورووپا هەر بۆیەش یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکانی شاندە بیانییەکان، باسکردنە لە غازی سروشتی و لەمبارەیەوە پسپۆڕی بواری وزە، دکتۆر گۆڤەند شێروانی گوتی: "وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاش زۆر جەخت دەکەنەوە لەسەر بابەتی غازی سروشتی، پێش چەند رۆژێک شاندێکی ئەمریکی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لە پەرەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و غازی سروشتی کردەوە تا ببێتە جۆرە فشارێک لەسەر رووسیا کە ئێستا ئەو بڕە غازەی راگرتووە کە پێشتر دەچووە وڵاتانی ئەورووپا و دەتوانرێت بەشێک لە پێداویستییەکانی وڵاتانی ئەورووپا دابین بکات".

پرۆژەی غازی سروشتیی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ بە واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای دانەگاز و کۆمپانیای نەوتی ھیلالی ئیماراتی چووە واری جێبەجێکردنەوە. ئێستا رۆژانە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن مەتری سێجا غاز رەوانەی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

ژمارەیەک کێڵگەی بەرھەمھێنانی غازی سروشتی ھەیە کە دوو گەورەترینیان کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی و کێڵگەی خورمەڵە، كۆمپانیاكانی داناگاز و پێرل پێتریۆم، دی ئێن ئۆ سەرقاڵی پەرەپێدانی کێڵگەکان و زیاترکردنی توانای بەرھەمھێنانیانن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın