عێراق دوو گرێبەستی بۆ پەرەپێدان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی واژوو کرد
بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە ڕێوڕەسمێکدا، کۆمپانیاکانی نەوتی بەسرە، زیقار و باکوور دوو گرێبەستیان بۆ پەرەپێدان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی واژووکرد.
Arbil
ھەولێر ــ AA
کۆمپانیاکانی نەوتی بەسرە، زیقار و باکووری عێراق دوو گرێبەستیان بۆ پەرەپێدان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی واژووکرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە ڕێوڕەسمێکدا، دوو گرێبەست لەنێوان کۆمپانیاکانی نەوتی بەسرە، زیقار و باکوور و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی واژووکراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە گرێبەستی یەکەم لە نێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای شیڤرۆن، تایبەت بە گواستنەوەی بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتی "ڕۆژئاوای قورنە/٢" و گرێبەستی دووەم لە نێوان کۆمپانیاکانی نەوتی زیقار و باکوور و کۆمپانیای شیڤرۆن واژووکراوە، ئەوەیش بە ئامانجی پەرەپێدان لە کێڵگەی نەوتی ناسرییە و کێڵگەی نەوتی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین.
باسی لەوەش کردووە کە نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، تۆم باراک و ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جۆشوا ھاریس ئامادەی ڕێوڕەسمی واژووکردنی گرێبەستەکان بوون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، ئاماژەی بە گرنگی گرێبەستەکان کردووە ڕاگەیاندووە کە لە ڕێگای ئەم گرێبەستەنەوە، ئاستی ئابووریی پارێزگاکانی زیقار و سەڵاحەددین زیاتر دەبوژێتەوە.
