ئابووری

عێراق.. دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی

دوای دەستپێکردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق، بەھۆی ھەبوونی ترس و دڵەڕاوکێییەوە خەڵک مامەڵەی ئاڵۆگۆڕی پارەیان تەواو کەمکردەوە ئەمەش کاریگەری خستە سەر جووڵەی بازاڕ.

Heman Hussein Yaseen  | 12.11.2019 - نوێکردنەوە : 13.11.2019
عێراق.. دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی

Arbil

هەولێـر - AA

دوای دەستپێکردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق، بەهۆی هەبوونی ترس و دڵەڕاوکێییەوە خەڵک مامەڵەی ئاڵۆگۆڕی پارەیان تەواو کەمکردەوە ئەمەش کاریگەری خستە سەر جووڵەی بازاڕ و بەم هۆیەوەش نرخی سەد دۆلاری ئەمریکایی لە ١٢٠ هەزار تا ١٢٢ هەزار و ٧٠٠ دینار بەرزبووەوە و لە ئێستاشدا سەد دۆلاری ئەمریکایی بەرامبەر ١٢٠ هەزار و ٧٠٠ دیناری عێراقییە.

دۆلارفرۆشان پێیان وایە کاریگەری خۆپیشاندانەکان هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بوو لە هەفتەی رابردوودا، هاوکات جەختیش لەوە دەکەن کە خەڵک بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی عێراق تووشی دڵەڕاوکێ و ترس بووەوە و بەمهۆیەوەش کەمتر مامەڵەی ئاڵۆگۆڕی دینار و دۆلار ئەنجام دەدرا.

دۆلارفرۆش، عەبدولواحید کەمال سەدیق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەمیانی دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ئەو دۆخە سیاسییەی کە عێراق تێیکەوتووە و داواکاری خۆپیشاندەران بۆ لەسەرکارلادانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دواتریش داخستنی بانکەکان و بانکی ناوەندی عێراق، ئەوا نرخی دۆلار بەرزبووەوە چونکە پێشووتر رۆژانە بانکی ناوەندی عێراقی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری دابەشدەکردە سەر کۆمپانیاکان و چەند رۆژێک ئەم دابەشکردنەی راگرت".

عەبدولواحید کەمال گوتیشی: "ئێستاش گوایا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەست بە گۆڕانکاری دەکات و بەم هۆیەوەش نرخی دۆلار دابەزی و ئەگەر سەقامگیریی لە عێراق هەبێت ئەوا بێگومان هەموو مامەڵەیەک بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ ئەنجام دەدرێت".

هاوکات یەکێکی دیکەش لە دۆلارفرۆشان پێی وایە خۆپیشاندانەکانی بەغدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی بازاڕ و ئاڵۆگۆڕی مامەڵە بازرگانییەکان هەیە و لەمبارەیەوە ئومێد فەتاح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەند رۆژێک پێش ئێستا نرخی دۆلار لە ١٢٠ هەزار دینارەوە بەرزبووەوە بۆ ١٢٢ هەزار و ٧٠٠ دینار بێگومان ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردە سەر بازاڕ و بووە هۆی ئەوەی کە نرخی دیناری عێراقیش بشكێت".

ئومێد فەتاح گوتیشی: "بەڵام دوای ئەوەی هەندێک بەڵێن بە خۆپیشاندەران درا لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی حکوومیی، ئەوا نرخی دینار بەرزبووەوە و دۆلاریش دابەزی بۆیە لە ئێستادا نرخی سەد دۆلاری ئەمریکایی ١٢٠ هەزار و ٧٠٠ دینارە".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın