جيهان, ئابووری

جێگری وەزیری وزەی تورکیا چۆنکار: "بەڕاورد بە ڕابردوو ئاستی هاوکاریی لەگەڵ عێراق زۆر زیاتر بووە"

جێگری وەزیری وزەی تورکیا ئەحمەد بەرات چۆنکار: "لە هەوڵداین بۆ ئەوەی هەم وەچەرخانێک لە بواری وزە و هەم پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بگەیەنینە قۆناغێکی نوێ".

Haydar Karaalp  | 07.09.2025 - نوێکردنەوە : 07.09.2025
جێگری وەزیری وزەی تورکیا چۆنکار: "بەڕاورد بە ڕابردوو ئاستی هاوکاریی لەگەڵ عێراق زۆر زیاتر بووە"

Baghdad

بەغدا - AA

جێگری وەزیری وزەی تورکیا ئەحمەد بەرات چۆنکار ڕایگەیاند، بەڕاورد بە ڕابردوو ئاستی هاوکاریی لەگەڵ عێراق زۆر زیاتر بووە و لە نزیکەوە چاودێری سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە ڕێگەی بۆڕی کەرکووک-جەیهان دەکەن.

ئەحمەد بەرات چۆنکار لە بەغدا بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزە'دا کرد.

دوای پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە کۆڕبەندەکەدا، جێگری وەزیری وزەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە هاریکارییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە بواری وزەدا کرد.

چۆنکار باسی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری وزە کرد و گوتی: "بۆڕی نەوتی کەرکووک-جەیهان لە ١٩٧٠ەوە چالاکە. بەم دوایانەدا جارێکی دیکە هەناردەکردن بەو ڕێگەیەوە بووەتە ڕۆژەڤ. ئەم پرسە لە نزیکەوە چاودێری دەکەین. عێراقییەکان پێیان ڕاگەیاندووین کە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەندی نزیک بووەتەوە لە ئەنجام. پەنا بە خوا ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر بن چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە بۆڕییەکە بە هەموو توانایەکەوە بکەوێتە کار".

جێگری وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا کە هێڵی بۆڕی نەوتی عێراق و تورکیا دەتوانێت زیاتر پەرەی پێ بدرێت و گوتیشی، هاریکارییەکان لە بوارەکانی گازی سرووشتی و کارەبا و هەروەها پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانیش بۆ گەشەپێکردنی ئەو پەیوەندییانە بەکار دەهێندرێت.

چۆنکار گوتیشی، لەگەڵ عێراق لە دانوستان دان بۆ ئەوەی زیاتر لە بواری وزەدا هاریکاریی یەکتر بن و لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، بەڕاورد بە ڕابردوو، ئاستی هاوکاریی لەگەڵ عێراق زۆر زیاتر بووە و بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی داڕشتنی ژێرخانی ئەو پەیوەندییانەین.

ئەحمەد بەرات چۆنکار گوتیشی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هاوکارییەکانمان لە بواری وزە دەرگای ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکە بکاتەوە و ڕێگەمان بدات بە متمانەیەکی زیاترەوە سەیری داهاتوو بکەین. بە واتایەکی دیکە ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی هەم وەچەرخانێک لە بواری وزە و هەم پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بگەیەنینە قۆناغێکی نوێ".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın